باڵەخانەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر _ وێنە: 964
ستافی پێشوو بەڕێکران
سبەی 13 کاندید دەبن بەکارگێڕی ژورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان
964+
ئەحمەد مستەفا
ستافی پێشووی ژوورە بازرگانییەکان رێزلێنانیان بۆ کرا، کورسییەکانیان چاوەڕێی گەیشتنی 13 کاندیدی نوێن، تا پێکهاتەی ئەنجومەنی کارگێڕی ژورە بازرگانییەکان پڕبکەنەوە و چوار کەسیش وەک بەدیل بمێننەوە.
سبەی پێنجشەممە 30.11.2023 لە یەک کاتدا، لەمسەری هەرێمی کوردستان بۆ ئەوسەری لەهەر چوار پارێزگاکە هەڵبژاردنەکە دەکرێ، داتای بەدەستهاتووی 964 ئاشکرایکردوە، ژمارەی کاندیدانی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوورە بازرگانییەکان بریتییە لە 86 کەس، کە ئەمڕۆ یەکێک لەوانە لە سلێمانی کشاوەتەوە؛
لە هەولێر 33 کاندید
لە سلێمانی 26 کاندید (یەک کاندید کشاوەتەوە)
لە هەڵەبجە 10 کاندید
لە دهۆک 17 کاندید
بە هەڵبژاردنی ئەم ئەنجومەنە نوێیە، سلێمانی دەچێتە خولی دوانزەیەمەوە، هەولێر و دهۆک خولی نۆیەم، هەڵەبجە خولی دووەم، 13کەس سەرکردایەتی ژورەکان دەکەن، ئەوانەی ناسنامەیان نوێکردووەتەوە کە مەزەندە وایە زیاتر لە چوار هەزار کەس بن، سبەی دەنگیان پێ دەدەن.
کامەران ئیبراهیم، کاندیدە بۆ ژووری بازرگانی هەولێر ئەو بە 964ـی وت، “ماوەی رابردوو، سەرجەم ستافی ژورەکان کارەکانیان راگیرابوو، حکومەت خۆی کارەکانی بەڕێوەدەبردن، بەڵام هەڵبژاردنی سبەی ئەو رۆڵە بۆ ستافی نوێ دەگەڕێنێتەوە”.
لەبارەی رۆڵی ژوورەکانی بازرگانی، هێرش حسێن کاندید بۆ ژووری بازرگانی سلێمانی بۆ 964 ئەوەی وت، “توانای رێکخستنی هاوسەنگی بازاڕی هەیە لە رووی هاوردە و نرخەوە، هەروەک بە نێودەوڵەتیکردنی بازرگانی، کە جگە لە یاساکە، تواناشمان هەیە گۆڕانکاری بەزۆرینەی دەنگ لە پەیڕەوی ژوریشدا بکەین”.