بزانە چی کردووە؟

مێسی به‌ هۆی رۆناڵدۆ رقی له‌ یاریزانێكی وڵاته‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه‌


ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

لیۆنێل مێسی ئه‌ستێره‌ی ئەرجەنتینی، پشتی له‌ یاریزانی هاونیشتمانی خۆی “گارناچۆ” كرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رسامی رۆناڵدۆیه‌ و به‌ ئه‌فسانه‌ی ده‌زانێت.

ئەلیخاندرۆ گارناچۆی ئه‌رجه‌نتینی و یاریزانی مانچێسته‌ر یونایتد، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ یەکێک لە جوانترین گۆڵەکانی ئەم وەرزەی لە خولی ئینگلیزی تۆمارکرد، كه‌ به‌ لێدانی ده‌بڵ كیك له‌ تۆڕی یانه‌ی ئێڤێرتۆن تۆماری كرد، دواتریش له‌سه‌ر شێوازی كریستیانۆ رۆناڵۆ ئاهەنگی گێڕا، وادیاره‌ ئه‌مه‌ مێسی بێ تاقه‌ت كردووه‌.

ریۆ فێردیناند، بەرگریکاری پێشووی مانچێستەر یونایتد، له‌ به‌رنامه‌یه‌كی چه‌ناڵێكی یوتوبدا ئاشكرای كرد، لیۆنێل مێسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام فۆڵۆوی ئەلیخاندرۆ گارناچۆی لابردووه‌ و ئانفۆڵۆی كردووه‌، ئه‌مه‌ش بەهۆی ئەوەی یاریزانە گەنجە ئەرجەنتینییەکە حەزی لە کریستیانۆ رۆناڵدۆیە و پێی سه‌رسامه‌.

گارناچۆ بۆ ماوەیەکی کورت شانبەشانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ئۆڵدترافۆرد یاریی کردووه‌، هاوڕێی مێسیشه‌ لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، به‌ڵام سەرسامیی زۆری خۆی بە رۆناڵدۆ نەشاردووه‌ته‌وە.

ریۆ فێردیناند، كه‌ ئێستا وه‌ك شڕۆڤه‌كاری یارییه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، باسی ئه‌وه‌ی كرد، گارناچۆ پێی وتووه‌، مێسی ئەنفۆڵۆوی کردووە، چونکە حەز و ئارەزووی خۆی بۆ رۆناڵدۆ ناشارێتەوە.

گارناچۆ رایگه‌یاندووه‌، به‌ لای ئه‌وه‌وه‌ رۆناڵدۆ باشترین یاریزانه‌ له‌ مێژوودا، پێده‌چێت ئه‌مه‌ش مێسی زیاتر تووڕه‌ كردبێت.

گارناچۆ پێشتر لە مانگی نیسانی 2022 وێنەیەکی خۆی لەگەڵ رۆناڵدۆ بڵاوکردبووەوە، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دابوو رۆناڵدۆی تەمەن 38 ساڵان باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێیه‌ (GOAT)، لەو کاتیشدا باس لەوە دەکرا مێسی هه‌ر ئه‌و كات ئانفۆڵۆوی یاریزانه‌كه‌ی له‌ ئینستاگرام کردووە.

هه‌رچه‌نده‌ گارناچۆ لە لێدوانەکانی پێشوویدا ئاماژەی بەوه‌ كردبوو، مێسی نموونه‌ی به‌رزی ئه‌وه‌ له‌ تۆپی پێ، به‌ڵام ئه‌مه‌ لای مێسی نه‌یخوارد و پێده‌چێت رقی لێ هه‌ڵگرتبێت.