خواردنگەی تێدا دروست دەکرێت
باخی گشتیی هەڵەبجە نۆژەن دەکرێتەوە
964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە لەسەر بودجەی خۆی بڕیاری دا بە نۆژەنکردنەوەی باخی گشیی هەڵەبجە بە چەند قۆناغێک و ئێستا لە حەوزەکانی پارکەکەدا کاردەکرێت.
سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بە 964ی وت، بودجەی نۆژەنکردنەوەکە لەسەر پێشینەی مانگانەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە دەبێت کە مانگانە بە چەند قۆناغێک پلانمان داناوە پرۆژەکە تەواو ببێت.
لە قۆناغی یەکەمدا حەوزی دەرەوەی باخەکە قادرمەی بۆ دەکرێت و بە چەند دیزانێکی نوێ نۆژەندەکرێتەوە و پاشان چەند کۆشکێک بۆ خواردن دروستکردن دادەنرێت و دەدرێت بە کرێ، هاوڵاتیانیش دەتوانن لەوێدا دانیشن و کات بەسەر ببەن.
لە قۆناغی دووەمدا چەند شۆستە و درەختێکی نوێ دەڕوێندرێن و رێژەی سەوزایی نێو پارکەکە زیاتر دەکرێت.
باخی گشتیی هەڵەبجە لە ساڵی 1945 لە نزیک ماڵی “وەسمان پاشای جاف” دروستکراوە و دەکەوێتە سەر شەقامی گشتیی شارەکە، یەکێکە لەو پارکانەی کە زۆرترین سەردانیکەری هەیە.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر