فیلمێکی کوردی بەشداری ئۆسکار دەکات
“نوێنەرایەتی عێراق دەکات”
میدیازان – فەرمان سادق – هەولێر
شەوکەت ئەمین دەرهێنەری فیلمی ئەزموون دەڵێ فیلمهكه نوێنەرایەتی عێراق دەکات لە فێستیڤاڵی ئۆسکار بۆ فیلمی بیانی.
شەوکەت ئەمین کورکی دەرهێنەری فیلمی ئەزموون بە میدیازانی راگەیاند، لە بەڕێوەبەرایەتی شانۆو سینەمای سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری عێراق، پەیوەندی پێیەوە کراوە کە فیلمی ئەزموون دەستنیشانکراوە بۆ نوێنەرایەتی کردنی عێراق لە فێستیڤاڵی سینەمایی ئۆسکار بۆ ساڵی ٢٠٢٣، بۆ فیلمی بیانی.
موهەند حیال، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی سینەمایی لە وەزارەتی رۆشنبیری عێراق، دەستنیشانکردنی فیلمی ئەزموونی بۆ میدیازان پشتڕاست کردەوە، ئەوەیشی خستەڕوو کە پانزە ساڵ زیاترە، فیلمی عێراقی بەشداری ئۆسکار دەکات.
زیاتر وتی “لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی سینەماو شانۆی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری پێکهێنرا کە شاهین عومەر خەلیفە، نووسەرو دەرهێنەر، سەرۆکایەتی دەکرد، لەنێو شەش فیلمی کوردی و عەرەبی، فیلمی ئەزموون هەڵبژێردراوە”.
فیلمی ئەزموون، بەرهەمی هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقە، شەوکەت ئەمین کۆرکی دەرهێنەریەتی و، فیلمێکی کۆمەڵایەتییەو باس لە کۆمەڵێک دیاردەی کۆمەڵایەتی دەکات، لەوانە گرفتەکانی پیوەندار بە پرسی پەروەردەو ئاستەنگەکەنای بەردەم ژنان لە هەرێمی کوردستان.
فیلمی ئەزموون، تائێستا لەسەر ئاستی جیهان بەشداری چەندان فێستیڤاڵی سینەمایی کردووەو چەندان خەڵاتی وەرگرتووە، وەک خەڵاتی “رەخنەگرانی نێودەوڵەتی” لە فێستیڤاڵی کارلۆڤی ڤار لە بەلجیکا. خەڵاتی باشترین سیناریۆ لە فیستیڤاڵی تیران لە ئەلبانیا. خەلاتی باشترین فیلم لە فێستیڤاڵی ڤیکتۆریا لە کەندا. خەلاتی باشترین فیلم لە فێستیڤاڵی سانتا باربارا لە ئەمەریکا، خەڵاتی UNDPA لە قاهیرە، خەلاتی ژووریێ لە فێستیڤاڵی مۆنس لە بەلجیکا و خەڵاتی باشترین فیلم لە فێستیڤاڵی لەندەن.
فێستیڤاڵی سینەمایی ئۆسکار، فێستیڤاڵێکی ساڵانەیە بۆ فیلمی ئەمەریکی، بەڵام لە بڕگەیەکیدا خەڵات دەداتە فیلمی وڵاتانی بیانی کە لەلایەن وڵاتەکانەوە پێشکەش دەکرێن.
شەوکەت ئەمین، بۆ میدیازان وتیشی “ئەوە جاری دووەمە حکومەتی عێراق فیلمی من دەستنیشان دەکات بۆ فێستیڤاڵی ئۆسکار، ساڵی ٢٠١٥، فیلمێکی ترم بەناوی بیرەوەری سەربەری، دەستنیشانکرا بۆ بەشداریکردن لە وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار”.