سەرۆکی زانکۆ دەڵێت نزیکە
زۆری نەماوە زانکۆی سەڵاحەدین بێ خەم بێت
+964
شۆڕش هەرکی – هەولێر
هیوایەک هەیە ئەمساڵ بەشە ناوخۆییە گەورەکەی زانکۆی سەڵاحەدین تەواو بێت، ئەگەر وابێت هەموو ئەو خوێندکارە کوڕانەی پێویستیان بە بەشی ناوخۆییە جێیان دەبێتەوە و حکومەتیش بارێکی گەورەی کرێی مانگانەی لە کۆڵ دەبێتەوە.
بەشە ناوخۆییەکە لە رێی کەرکوکە و هەشت بلۆکە، بە تێکڕا جێی دوو هەزار و 200 خوێندکاری تێدا دەبێتەوە، ئەمەش بە باشی بەشی زانکۆی سەڵاحەدین دەکات.
ئەم کامپە ساڵی 2013 نەخشەکەی کێشراوە، بەڵام ئەوە 10 ساڵ تێپەڕیوە و زانکۆی سەڵاحەدین وەرینەگرتووە، کێشەکە نەبوونی پارەیە، ئێستا زۆری نەماوە و بە دوو ملیار دینار لە خەم دەڕەخسێت – بەنرخی ئەمڕۆی نزیکەی دۆلار ملیۆنێک و 250 هەزار دۆلار-.
کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بە964ی وت، ”کامپی نوێی بەشەناوخۆیی زانکۆکەمان تەواو بووە، تەنیا گرفتی کارەبامان هەیە، بۆ ئەمەش بڕی دوو ملیار دینارمان پێویستە، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر نیشانداوە و خەرجکردنی ماوە”.
ئەگەر ئەم کامپە تەواو بێت زانکۆی سەڵاحەدین زۆر کێشەی لە کۆڵ دەبێتەوە، چونکە یەکسەر دوای ئەمە بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەت نۆژەندەکرێتەوە و دەکرێتە بەشە ناوخۆیی کچان و ساڵانە پارەیەکی زۆر بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە.
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت، ”لەبەر بێ جێیی لە هەولێر، شەش بینامان بۆ بەشی ناوخۆیی کچان بەکرێ گرتووە، ئەوانە هەمووی دەبەینەوە بەشە ناوخۆیی شەهید شەوکەت”.
964 دەزانێت زانکۆی سەڵاحەدین 14 بینای بۆ بەشی ناوخۆیی کچان بەکرێ گرتووە، شەش لەوانە لە هەولێرن و هەشت دانەی دیکەیان لە شەقڵاوە، بە تێکڕا کرێی مانگانەیان دەگاتە 700 ملیۆن دینار.