شەوی سەری ساڵ لە دوورترین شوێنی هەولێر یاری ئاگرین دەبینرێت

+964

فەهمی نەبی – هەولێر

بڕیارە شەوی سەری ساڵ، لە شاری هەولێر، لەسەر بەرزترین تاوەری ئاستی عێراق کە 207 مەتر بەرزە، یاری ئاگرین هەڵبدرێت، بڕیاربەدەستانی پڕۆژەکە دەڵێن، خەڵکی لەو سەری شارەوە دەتوانن بیبینن.

نازم سەلیم، یەکێک لە خاوەن پشکەکانی پڕۆژەی ئەربیل وەن تاوەر و سەرپەرشتی یارییە ئاگرینەکان دەکات، ئەمڕۆ 29ی کانونی یەکەمی 2022، بە +964ی وت، “یاری ئاگرینمان هێناوە 600 مەتر بەرز دەبێتەوە، بەمجۆرە بەرزی هەر یارییەکی ئاگرین بە بەرزی تاوەرەکەوە زیاد لە 800 مەتر دەبێت، بە جۆرێک لە دوورترین شوێنی شاری هەولێر دەبینرێت”.

بە قسەی سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە، بۆ لەمەودوا پێویست ناکات خەڵک لە شەوی سەری ساڵدا بۆ سەیرکردنی یاری ئاگرین بێتەدەرەوە، بەڵکو هەموو کەسێک لە ماڵی خۆیەوە و لەوسەری شار دەتوانێ بیبینێ.

ئەربیل وەن تاوەر، پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی کەرتی تایبەتە، دەکەوێتە سەنتەری شاری هەولێر لەسەر شەقامی 60 مەتری و لە ساڵی 2020 دەستکراوە بە دروستکردنی، پێشتر ناوی شوقەکانی زانیاری بوو.