تاوەکو نەورۆز باخی گشتی سلێمانی ناکرێتەوە
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
قۆناغی دووەمی نۆژەنکردنەوەی باخی گشتی دەستیپێکردووە.، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی دەڵێت، تاوەکو نەورۆز دەرگای باخی گشتی ناکرێتەوە.
پێشتر قۆناغی یەکەمی نۆژەنکردنەوەکە کە خۆی لە کۆنکرێتکردن و چاککردنەوەی نافوورەکانی ناوی دەبینییەوە بە گوژمەی 304 ملیۆن دینار تەواو کرا.
+964 لە زاری بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانییەوە دەزانێت، قۆناغی دووەمی نۆژەنکردنەوەکە لە لایەن بازرگانێکی سلێمانییەوە بودجەی بۆ دابین دەکرێت، “بەڵام بودجەکە دیارینەکراوە و بەپێی پێویستیی کارەکان خەرج دەکرێت.”
دەشڵێت، قۆناغی دووەم کاری سەرەکی نۆژەنکردنەوەی سیاجی باخەکەیە، لەگەڵ چاککردنەوەی سێ شوێنی یاری منداڵان کە لە باخەکەدا بوونیان هەیە.
زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی ئاشکرای دەکات، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی ئینارە و گڵۆپەکانی باخەکە نوێ دەکاتەوە.
“ئەگەر بەو جۆرەی ئێستا کاری تێدا بکرێت و باران و سەرما رێگە نەگرێت، باخەکە لە نەورۆزی ساڵی نوێدا بە رووی هاوڵاتیاندا دەکرێتەوە”، بەهرۆز سالار وای وت.