بڕانی کارەبا هۆکارەکەی چییە؟
سەرماکەی پێنجوێن نەبوونی کارەباشی هاتووەتە سەر
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
دوای ئەو شەپۆلە بارانبارینە سەرتاسەرییەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە قەزای پێنجوێن ئەمڕۆ کارەبا بڕاوە و هۆکاری جیاوازیش هەیە بۆ بڕانی کارەبا.
بهپێی بهدواداچوونهكانى 964 لە رۆژانی رابردووشدا پێدانى كارهبا له پێنجوێن باش نهبووه و ئهمهش بهردهوام گلهیی هاوڵاتیانى بهدواى خۆیدا هێناوه، چونكه له کاتژمێر 1:00ـی پاشنیوەڕۆ کارەبا دەبڕا.
ئەمڕۆش لە کاتژمێر 9:45ـی بەیانییەوە کارەبای قەزاهكه کوژاوەتەوە و بەڕێوەبەری بەشی وێستگەی کارەبای قەزای پێنجوێنیش دەڵێت، هۆکارەکەی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبایە.
جەمال سەعید بەڕێوەبەری بەشی وێستگەی کارەبای پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، بەهۆی کەمی بەرهەمهێنانی کارەباوە رۆژانە لە قەزای پێنجوێن بۆ ماوەی چەند کاتژمێریک کارەبا دەبڕێت.
وتیشی “بڕینی کارەبا لەدەستی ئەوان نیە و لە وێستگەکانی سلێمانیەوە کە کارەبایان کوژاندەوە هی قەزای پێنجوێنیش دەکوژێتەوە و دیاریش نیە ئەگەر پەیوەندی هەبێت بە باوبارانەوە”.
ئاماژهى بهوهشكرد، کارەباكهیان نیشتمانییە و لە چەمچەماڵ و دوکانەوە بەرهەمدێت.
بەهادین عەبدوڵا بەڕێوەبەری بەشی چاککردنەوەى كارهباى پێنجوێن بە 964ـی وت، لەکاتی باوباراندا لە وێستگەکانەوە کارەبا دەکوژێندرێتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە کە کێشە لە کارەبادا دروست نەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، لەکاتی باوباراندا ئەگەری زۆر محاویلەکان بسوتێن و هێڵەکانی کارەبا تێکەڵ ببێت و شۆرت دروست ببێت و بۆ ئەوەش کارەبا دەکوژێندرێتەوە.
هاوكات، بەهادین حەسەن بەڕێوەبەری کەشناسی پێنجوێن لەبارەی رێژەی باران بارین بۆ 964 رایگەیاند، لە شەوی رابردووەوە 26 ملیم باران لە قەزاکە باریووە و بەمەش کۆی گشتی باران بارینی ئەمساڵ گەیشتوەتە 91.7 ملیم و ساڵی رابردوو تا ئەم رێککەوتە تەنیا 61 ملیم باران باریبوو.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن