پڕۆسەکە بەردەوامە

نزیکەی 10 هەزار خێزانی هەڵەبجە  ئەمساڵ دوو بەرمیل نەوت وەردەگرن

پێشەوا محەمەد

بەهۆی ئەوەی نزیکەی 10 هەزار خێزانی هەڵەبجە ساڵی رابردوو نەوتیان وەرنەگرتووە، بەو بەرمیلە نەوتەی ئەمساڵەوە دوو بەرمیل وەردەگرن و بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەڵەبجە دەڵێت، مافی خۆیانە.

لە پارێزگای هەڵەبجە نزیکەی پێنج ملیۆن لیتر بەسەر نزیکەی 25 هەزار خێزاندا دابەش کراوە و پڕۆسەکەش بەردەوامە.

“ناوشار ماوە و ناوچە شاخاوییەکانمان تەواو کردووە و دووبارە دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکەینەوە لە ناوچە شاخاوییەکان”، ئەوە قسەی ژیار ئەکرەم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەڵەبجەیە بۆ 964.

پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ ئیدارەی گەرمیان پێویستی بە سەر و 80 ملیۆن لیتر نەوت هەیە بۆ ئەوەی هەر خێزانێک 200 لیتر نەوت وەربگرێت.

پارێزگای هەڵەبجە، پێکدێت لە قەزای ناوەندی هەڵەبجە، ناحیەکانی سیروان، بەمۆ، خورماڵ و بیارە، نەوتی سپی لەمساڵدا لەهەر چوار ناحیەکە دابەشکراوەو هەر خانەوادەیەک بەرمیلێک نەوتی وەرگرتووە.