کومباری جۆری ئەوروپی لە دوکانێک دەردەکەوێت. وێنە:964+
لە بازاڕی فەرشفرۆشی سلێمانی
ئەمساڵ باوی کومباری ئەوروپییە و بازاڕیش وەک ساڵانی پێشوو نییە
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
هەموو ساڵێک هاتنی زستان بازاڕی فەرش و کومباری گەرم دەکرد، بەڵام ئەمساڵ دوکاندارەکانی فەرشفرۆشی دەڵێن، “بازاڕمان کزە”.
چەند دوکاندارێک قسەیان بۆ کردین، دەڵێن سەرەڕای ئەوەی بازاڕ کزە بووە، بەڵام جۆرێک کومبار هەیە ئەمساڵ خواستی زۆری لەسەرە بە کومباری ئەوروپی ناسراوە.
رێدین محەمەد، خاوەنی دوکانی فەرشفرۆشیە لە شاری سلێمانی بە 964ی راگەیاند، ئەمساڵ لەگەڵ ئەوەی بازاڕ کزە، جۆرێک کومبار مۆدێلیەتی کە لە تورکیا بۆ ئەوروپا دروست دەکرێن و هەمان کومبار بۆ کوردستانیش دێت و خواستی زۆری لەسەرە و پێی دەوترێ کومباری ئەوروپی.
ئەو دوکاندارە ئەوەش دەڵێت، “بەپێی کوالێتییەکەی نرخەکەی دەگۆڕێت مەتری لەنێوان پێنج تا 15 هەزار دینارە و گەرەنتی پێنج ساڵی هەیە”.
محەمەد سادق، خاوەنی فەرشفرۆشیە لەسەر شەقامی 60 مەترییەکەی سلێمانی بە 964ی وت، “دواکەوتنی موچە ئەمساڵ زیانی زۆری بە بازاڕی کومبار و فەرش گەیاندووە، ئەگەر هەر دوکاندارێک ساڵی رابردوو تا ئەمکاتانە 50 هەزار مەتری فرۆشتبێت ئەمساڵ نزیکەی 20 هەزار مەتری فرۆشتووە”.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی