پێویستیان بە ریسایکلینە

لە سنووری هەڵەبجە رۆژانە 145 تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە

محەمەد عومەر – هەڵەبجە

تا ئێستا لە هەڵەبجە هیچ کارگەیەکی ریسایکلین نییە و شوێنی کۆکردنەوەی زبڵەکانیش خەریکە پڕ دەبێت.

پارێزگای هەڵەبجە پێکدێت لە ناوەندی قەزای هەڵەبجە ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان، تا ئێستا شوێنێکی تایبەت نییە بە فڕێدانی زبڵ و پاشەڕۆ و لە جێیەکی نزیک دەروازەی هەڵەبجە رۆژانە زبڵەکان فڕێدەدرێن.

ئەوەی ئێستا هەیە شوێنێەکە لەسەر رێگای گوندی ئیمامی زامن، کە رێگەکە شەش گوندی دیکەی لەسەرە و نزیکە لە عەلوەی هەڵەبجە و بە بۆنە ناخۆشەکەی گوندنشینانی بێزارکردووە، کە رۆژانە پاش کۆکردنەوەی زبڵەکان لەوێدا دەیانسووتێنن.

ئەندازیار سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بە 964ـی وت، بە دڵنیاییەوە ئێستا پارێزگای هەڵەبجە پێویستی بە کارگەیەکی ریسایکلینە، تا ئەو زبڵ و پاشماوانەی لە ماڵ و گەڕەکەکان کۆدەکرێتەوە، لەوێدا دووبارە بەکاربهێنرێنەوە، کە لە کارگەکانی ریساکلیندا لە %75ـی پاشماوەکان سوودی لێدەبینرێتەوە بۆ بەکارهێنان و دروستکردنی مەوادی پلاستیکی و کارەبا و سوودوەرگرتنەوە لە پاشماوەکان.

وتیشی، ئەو جێگایەی ئیستا زبڵی لێ کۆدەکرێتەوە شوێنێکی کاتییە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا هیچ پرۆژەیەک نییە کە کارگەیەکی ریسایکلین لە پارێزگاکە دروست بکات.

ئەنوەر نوری دانیشتووی گوندی ئیمامی زامنە و بە 964ـی وت، ئەو جێگایە بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی ئاژەڵی بەڕەڵا و پیسبوونی ئاسمانی ناوچەکە، کە لەو رۆژانەی زبڵەکان دەسوتێنن بۆنێکی ناخۆش و دووکەڵێکی زۆر لە ناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە.

بە پێی داتاکانی شارەوانیی هەڵەبجە رۆژانە لە هەڵەبجە 85 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە و بە هەر چوار ناحیەی پارێزگاکەشەوە رۆژانە 145 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی