مۆنۆمێنتی راپەڕین لە رانیە - وێنە: 964
ماوەی 12 ساڵە تەواو نەبووە
ساڵی داهاتوو دوو ملیار دینار بۆ مۆنۆمێتی راپەڕین تەرخاندەکرێت
ژووری هەواڵ
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رەزامەندی داوە کە لە ساڵی 2024 دوو ملیار دینار تەرخانبکرێت بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی مۆنۆمێنتی راپەڕین.
بڕیارە پرۆژەکە بە سێ قۆناغ تەواو بکرێت، تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ ملیار دیناری بۆ تەرخانکردووە، قەیمقامیەتی رانیە دەڵێت، بڕیارە ساڵی داهاتووش دوو ملیار دیناری دیکەی بۆ تەرخانبکرێت.
ماوەی 12 ساڵە مۆنۆمێنتی راپەڕین لە شاری رانیە تەواونەکراوە، لەکۆی سێ بەش تەنیا بەشێکی تەواوبووە.
بەهۆی زۆر دواکەوتنی پرۆژەکە، لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا بەشە تەواوکراوەکەی پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەبوو، بڕی 42 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکرا.
پرۆژەی مۆنۆمێنتی راپەڕین دەکەوێتە دەروازەی شاری رانیە و وەک رەمزێک بۆ یادی راپەڕینی بەهاری 1991ی کوردستان دژ بە رژێمی بەعس بونیاد دەنرێت. بەردی بناغەی مۆنۆمێنتەکە لەساڵی 2011 دانرا و بڕیارە لەسەر رووبەری 14 دۆنم زەوی دروستبکرێت.
پڕۆژەکە پێکدێک لە پەیکەری پێشمەرگەیەکی نەناسراو و ژمارە پێنج وەک هێما بۆ پێنجی ئاداری، کە یەکەم رۆژی راپەڕین بوو لە رانیە، هەروەها گەلەری و سەوزای لەخۆدەگرێت.