ئاڵای عێراق و تورکیا. 964+
لە ئاستی باڵا کۆبوونەتەوە
سوودانی دەیەوێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا رێکبخاتەوە
ژووری هەواڵ
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانێکی دەرکردووە و دەیەوێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق رێکبخاتەوە.
ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16.11.2023، لە زاری سەرچاوەیەکی ناو کابینەکەی سوودانی بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانیکردووە بە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا بۆ رێکخستنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەردوو وڵات.
بەپێی زانیارییەکان، رۆژی 15ی ئەم مانگە، کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی باڵا لەنێوان دەسەڵاتدارانی عێراق و تورکیا کراوە و تیایدا ئاڵوگۆڕییە بازرگانییەکانی نێوان ھەردوو وڵات تاوتوێکراوە.
ئاژانسەکە دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە بە بەستنەوەی ھەناردەی کاڵای تورکی بۆ عێراق بە سیستمی بانکی، جگە لەوەش گفتوگۆکراوە لەسەر بەکارھێنانی کارپێکردنی بانکی عێراقی لە تورکیا و ئاماژەکراوە بە گرنگی ھاوتاکردنەوەی بەڵگەنامەی گواستنەوەی کاڵا لەنێوان عێراق و تورکیا.
بەپێی وتەکانی ئەو سەرچاوەیە، ھەروەھا کارتی بانکە عێراقییەکان لە تورکیا لەلایەن بازرگان و گەشتیارانی عێراقەوە بتوانرێت بەکاربھێنرێت.
بانکی ناوەندی عێراق ئامادەیی نیشانداوە بۆ ئاسنکاری و کەمکردنەوەی رسوماتەکانی حەواڵە لەنێوان عێراق و تورکیا، بە کاراکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان لقی بانکەکانی عێراق لە تورکیا و لقی بانکەکانی تورکیا لە عێراق.