چەند ئۆفەرێک بۆ ئەوانەی دەچنە بەسرە بۆ جامی کەنداو

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

چه‌ند كۆمپانیایه‌ك له‌ شاره‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی، به‌ شێوازی جیاواز هاوڵاتیان ده‌گوازنه‌وه‌ به‌سڕه‌، هه‌ندێكیان پاكێجی گه‌شت و بلیتی یارییه‌كانیان هه‌یه‌، هه‌ندێكیان ته‌نیا كاری گواستنه‌وه‌ی هاوڵاتیان ده‌كه‌ن.

964+ ده‌زانێت، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خه‌ڵكی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان خۆیان ئاماده‌كردووه‌، بۆ بینینی یارییه‌كانی پاڵه‌وانیه‌تیی جامی كه‌نداوی 25 گه‌شتی شاری به‌سڕه‌ بكه‌ن.

زانا فه‌یسه‌ڵ هاوڵاتییه‌كی وه‌رزشدۆستی شاری هه‌ولێره‌ و بۆ 964+ وتی، “له‌گه‌ڵ 12 هاوڕێی دیكه‌م پلانمان داناوه‌ بچینه‌ به‌سڕه‌ و سه‌یری یارییه‌كانی جامی كه‌نداو بكه‌ین، حه‌زیش ده‌كه‌ین شاره‌كه‌ ببینین و سه‌ردانی بكه‌ین”.

وتیشی، “ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ رێی دۆست و هاوڕێیه‌كانمان له‌ به‌غدا و به‌سڕه‌ بلیتی یارییه‌كان دابین بكه‌ین”.

كۆمپانیای نه‌ورۆز بۆ گه‌شتوگواز، كه‌ نوسینگه‌كه‌ی له‌ هه‌ولێر و شاره‌كانی دیكه‌ش هه‌یه‌، رایگه‌یاندووه‌ گه‌شت بۆ به‌سڕه‌ دابین ده‌كات.

964+ په‌یوه‌ندی به‌ نووسینگه‌ی هه‌ولێری كۆمپانیاكه‌ كرد و قسه‌كه‌ری كۆمپانیاكه‌ پشتڕاستی كرده‌وه‌، ئێستا ته‌نیا پاكێجی گه‌شتیان هه‌یه‌ بۆ به‌سڕه‌، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ رۆژانی داهاتوو پاكێجی تایبه‌ت به‌ جامی كه‌نداو و دابینكردنی بلیتی یارییه‌كانیش ئاماده‌بكه‌ن.

هه‌روه‌ها كۆمپانیای مۆدێرن تراڤل، كه‌ نووسینگه‌ی سه‌ره‌كی له‌ سلێمانییه‌ و لقی له‌ هه‌ولێریش هه‌یه‌، به‌ 964+یان راگه‌یاند، پاكێجی تایبه‌تیان بۆ گه‌شتی به‌سڕه‌ و یارییه‌كانی جامی كه‌نداو هه‌یه‌.

قسه‌كه‌ری كۆمپانیاكه‌ وتی، “پاكێجه‌كه‌مان بۆ 25 كه‌سه‌، كه‌ نرخه‌كه‌ی بۆ هه‌ر كه‌سێك 250 دۆلاره‌، چونكه‌ له‌ به‌سڕه‌ كێشه‌ی هوتێلمان هه‌یه‌ و ره‌نگه‌ زه‌حمه‌تی بۆ گه‌شتیارانمان دروست بێت، بۆیه‌ له‌وه‌ زیاتر ناتوانین خه‌ڵك بنێرین، به‌ڵام بلیتمان هه‌یه‌ بۆ یارییه‌كان و تا ئێستا 50 تا 60 بلیتی یارییه‌كانمان فرۆشتووه‌”.

ئه‌و بۆ 964+ وتیشی: “بلیتی یارییه‌كان له‌ 10 هه‌زار تا 40 هه‌زار دیناره‌ و به‌ پێی گرنگی و قۆناغه‌كانی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌یه‌.

پاڵه‌وانیه‌تیی تۆپی پێی جامی كه‌نداوی 25، به‌ به‌شداریی هەشت هه‌ڵبژارده‌ له‌ 6ی كانوونی دووه‌می داهاتوو تا 13ی هه‌مان مانگ له‌ شاری به‌سڕه‌ی باشووری عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت.