هۆکارەکەی چییە؟
نرخی ئارد گرانبووە
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
چەند رۆژێکە نرخی ئارد بەرزبووەتەوە، بەراورد بە 10 رۆژ لەمەوبەر چوار هەزار دیناری چووەتە سەر.
زیادبوونی نرخی ئارد وایکردووە هەر فەردەیەک ئارد لە 34 هەزار دینارەوە بووەتە 38 هەزار دینار.
مەسعود ئەحمەد، کاری ئاردفرۆشی دەکات بە 964ی وت، چەند رۆژێکە نرخی ئارد گرانبووە، خواستێکی زۆری لەسەرە، نانەواخانەکان دەیکڕن، سەبارەت بە ئاردی جۆ لە 18 هەزار دینارەوە بووەتە 21 هەزار دینار.
ئەو ئاردفرۆشە پێی وایە، بەهۆی زیادکردنی باج نرخی ئارد لەوەی هەیە زیاتر هەڵدەکشێت.
964 دەزانێت هێشتا زیادکردنی نرخی باج نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەگوێرەی نوسراوێک، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ داوای زیادکردنی باجی کردووە، لەسەر هەریەکە لە ئارد، گەنمی شکاو و کەپەکی گەنم بۆ هەر تۆنێک 245 دۆلار دیاریبکرێت، هاوکات بۆ ساوار و بڕوێش و گەنمەکوتاو 184 دۆلار دیاریبکرێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی