دیمه‌نێكی خۆپیشاندانى مامۆستایانى وانه‌بێژ له سنوورى گه‌رمیان... وێنه: 964+
هه‌ولێریش بێده‌نگى ده‌شكێنێ
یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو جیاواز ده‌بێت بۆ مامۆستایانى وانه‌بێژ
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
بڕیاره رۆژی یەكشەممەى داهاتوو، رۆژێكی جیاوازتر بێت بۆ مامۆستایانى وانه‌بێژ، چونكه خۆپێشاندان و گردبوونه‌وه‌كان ته‌نیا له سنوورى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه نامێنن و هه‌ولێریش ده‌چێته به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران.
عەلی رەئووف مستەفا، نوێنەری گشتیی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان، به 964ـى وت، رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو خۆپێشاندانی مەدەنیانە و ئاشتیانەی مامۆستایانی وانەبێژ لە ھەولێر لە بەردەم بینای ئەنجومەنی وەزیران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
له كاتژمێر 10:00ـی بەیانی دەستپێدەكات.
وتیشی “دواى دوو مانگ بایكۆت و خۆپێشاندان له سلێمانى و ناوچه‌كانى دیكه مه‌عقول نییه له‌و سنووره، كه دوو ملیۆن و نیو كه‌سی لێده‌ژیت، مامۆستایانى وانه‌بێژ بێده‌نگ بن”.
باسی له‌وه‌ش كرد، لە پێناو گەڕانەوەی رێز و شكۆ بۆ مامۆستا داوای مافی خۆمان دەکەین کە دامەزراندنە.
له بانگه‌وازێكیشدا عەلی رەئووف له فه‌یسبووكه‌كه‌ى بۆ مامۆستایانى وانه‌بێژ نووسیویه‌تى “مەردبن ئامادەبن بۆ مافی خۆتان، ماف نادرێ ، دەسەندرێت” .
به قسه‌ى نوێنه‌رى وانه‌بێژان، ئه‌وان هەماهه‌نگیان له‌گه‌ڵ مامۆستایانى وانه‌بێژ له سنوورەکانى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌كانى راپه‌ڕین و گه‌رمیان هه‌یه و رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ش ده‌نگیان ده‌كه‌نه یه‌كده‌نگ.