خانەی بەساڵاچووانی دهۆک _فۆتۆ: 964
کەس وەرناگرن
لە خانەی بەساڵاچووانی دهۆکدا جێگا نەماوە
زەید کۆچەر – دهۆک
لە خانەی بەساڵاچووانی دهۆک جێگا نەماوە و ناتوانن زیاتر کەس وەربگرن، پرۆسەیەکی تازەش دانراوە بۆ ئەوەی هەر کەسێک نەتوانیت دایک و باوکی بەخێو بکات، سزا بدرێت.
شێرزاد حەمید، بەڕێوهبەری گشتیی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە دهۆک بە 964ی وت، بەهۆی بچووکیی شوێنەکە و نەبوونی هیچ شوێنی بەتاڵ، چیتر ناتوانین لە خانەی بەساڵاچووانی دهۆکدا کەس وەربگرین، ئەمەش بووەتە گرفتێکی گەورە بۆ ئێمە.
وتیشی، تا ئێستا 27 کەس لە خانەی بەساڵاچووانی دهۆکن، کە 13 ژن و 14 پیاون.
“ئێستا زەحمەته بتوانین کەسانی زیاتر وەربگرین لە خانەکەدا، بۆیە دەستمان کردووە بە دانانی پرۆسەیەکی تازە، کە هەر منداڵێک نەتوانێت دایک و باوکی بەخێو بکات، سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین و رووبەڕووی یاسای دەکەینەوە، رێنمایی دیکەش هەن بۆ خانەی بەساڵاچووان، کە پێویستە ژنان لە تەمەنی 55 ساڵی و پیاوان لە تەمەنی 60 ساڵیدا وەربگیرێن”، شێرزاد حەمید وای وت.
هەروەها ئاماژهی بهوه دا، ناتوانن ئەو كەسانە وەربگرن نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، وەك ئیفلیجی مێشك و پهركهم و بیركۆڵی.
بە پێی یاسای سزادانی عێراق ژمارە 11ی ساڵی 1969 لەسەر منداڵەكانە دایك و باوكیان بەخێو بكەن، هەروەها هەركەسێك بیەوێت باوكی یان دایكی ببات بۆ خانەی بەساڵاچووان، پێویستە لە رێگای رێنماییە تازەكانهوه بێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا