وەزارەتی ناوخۆ قەرەبووی خاوەن چەکەکان دەکاتەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داماڵینی چەکی بێ مۆڵەت، هانی ئەو کەسانە دەدات کە چەکیان هەیە و دەڵێت، رادەستی بکەن لە بەرامبەردا قەرەبوو دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ چوار شەممە، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی راگەیاند، 12 لیژنە بۆ تۆمارکردنی چەک دروستکراوە و كەس چەكەكەی لێوەرناگرێت، هەر هاوڵاتیەك دەچێتە ئەو لیژنانە چەكەكەی تۆماردەكات و دەیباتەوە ماڵەوە.
“ئەنجومەنی وەزیران خەمڵاندنێك دەكات، بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەوانەی ئەو چەكە رادەست دەكەن و 40 لیژنەش تۆماركراون بۆ تۆماركردنی چەكی ئاگرین (دەمانچە، كڵاشینكۆف و هاوشێوەكانی). ئەو لیژنانەش دەستبەكاربوون و ئێمە دواتر لە رێگەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و وەزارەتی ناوخۆوە شوێنی لیژنەكان بڵاودەكەینەوە،” هێمن میرانی وای وت.
وەزارەتی ناوخۆ وادەیەکی بۆ رادەستکردنی چەکی بێ مۆڵەت دیاریکردووە کە لە تەمموزی 2022 دەستپێدەکات بۆ تەمموزی 2023، هەر هاوڵاتییەک چەکەکەی تۆمار بکات دەتوانێت دواتر داوای مۆڵەت بکات.
لە دوای ئەو ماوەیە، هەرکەس چەکی تۆمارنەکراوی لەلا بێت، وەکو چەکی یاساغ مامەڵەی لە گەڵ دەکرێت.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆ، كەس چەكەكەی لێوەرناگیرێت، بەڵام داتای ئەو چەكە لای حكومەت هەیە و ئەگەر ئەو هاوڵاتییە لە دوای ئەو ساڵە داوای مۆڵەتی كرد، مۆڵەتی پێدەدەن، داوای مۆڵەتی نەكرد كەس چەكەكەی لێوەرناگرێت، بەو مەرجەی لە ڕێنماییەكە هاتووە چەكەكە بەكارنەهێنێت، نەیباتە دەرەوە، نەیفرۆشێت.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، با هاوڵاتیان هیچ ترسیان نەبێت، سەردانی ناوەندەكانی تۆماركردنی چەك بكەن، چەكەكانی خۆیان تۆماربكەن و وەریبگرنەوە.
بەگوێرەی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2022، هەر کەس بەبێ مۆڵەت چەک هەڵبگرێت، ئەوا بەند دەکرێت کە ماوەکەی لە ساڵێک کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها غەرامەدەکرێت بە بڕێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.