کارکردن بۆ سەوزکردنی فولکەی شەهید ئازاد هەورامی - وێنە: شارەوانی سلێمانی
لە یادی سلێمانیدا
شارەوانی سلێمانی هەڵمەتی ناشتنی نەمامی راگەیاند
964+
پێشەوا محەمەد
بە چاندنی 239 نەمام وەک ئاماژە بۆ ساڵەکانی تەمەنی سلێمانی، شارەوانی سلێمانی هەڵمەتی چاندنی نەمامی راگەیاند و بەردەوام دەبێت.
هەڵمەتەکە لە بازنەیی مەلیک مەحمودەوە دەستی پێکردووە و باخچەیەکیش لە گەڕەکی سەرچنار سەوز کرا و 70 داری جۆری مەشهەدی گەورەی تێدا رووێندراوە، فلکەی شەهید ئازاد هەورامی 15 هەزار نەمامی تێدا دەڕوێندرێت و بلواری خاڵە شەهابیش نزیکەی پێنج هەزار نەمامی تێدا دەڕوێندرێت.
“ئەو هەڵمەتەی شارەوانی بۆ زیاتر سەوزکردنی شاری سلێمانییە و داوا لە هاوڵاتیان و هەرکەسێکی دیکە دەکەین لە هەڵمەتەکە بەشدار بێت و هۆکار بێت بۆ زیاتر سەوزکردنی شاری سلێمانی”، ئەوە قسەی زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانییە بۆ 964.
دەشڵێت، بەشێک لە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان رێژەی 25%ـی سەوزاییان لە پڕۆژەکانیاندا نەکردووە و پێیان وتراوە کە دەبێت لەم هەڵمەتەدا سەوزاییەکە لە دەرەوەی پڕۆژەکان دروست بکەن و خۆشیان ئاگاداری بن.
ئەمڕۆ سێشەممە 14.11.2023 یادی دامەزراندنی 239 ساڵەی شاری سلێمانییە و دامەزرا و دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوشاری سلێمانی بە شێوازی جیاواز یادی ئەو شارە دەکەنەوە.