شارەوانی پارەی نییە

گەڕەکی سەنگاوییەکان لە زستان و لە هاویندا لەخۆیان بێزارن

+964
میلاد جەلا – گەرمیان

گەڕەکی سەنگاوییەکان لە ناحیەی رزگاری بێ خزمەتگوزاریە و ئاوەڕۆی بۆ نەکێشراوە، شارەوانیش دەڵێت پارە نییە.

گەڕەکەکە نزیکەی 30 کۆڵان دەبێت، ئاوەڕۆی ماڵەکان لەناو کۆڵانەکان جۆگەلەی بەستووە، دانیشتووانەکەشی دەڵێن لە زستاندا بەدەست لافاو و قوڕاوەوە حاڵمان نییە و ھاوینانیش بەدەست بۆنەکەی.
سامر وەھاب یەکێکە لە دانیشتووانی گەڕەکی سەنگاوییەکان و 13 ساڵە ماڵی لەو گەڕەکەیە، بە 964ى وت، “ژیانمان نەماوە لەم گەڕەکە، منداڵەکانمان بەردەوام نەخۆشن، ھاوینان بۆنێکی ناخۆشی ھەیە ، کە زستان دێت و باران دەبارێت پێش ماڵمان ھەمووی دەبێتە لافاو و قوڕاو”

وتیشی، “کەسی وامان ھەیە داوای کردوە چاک بکرێت، ئێستا لە ژیاندا نەماوە کەچی گەڕەکەکەمان ھەر ئاوەڕۆی بۆ نەکراوە، ھەموو ساڵێکیش دەچینە شارەوانی و داوا دەکەین ئاوەڕۆ بۆ گەڕەکەکە بکەن، بەڵام کەس بەدەم داواکەمانەوە نایەت و پێمان دەڵێن لە سەرەدایە”.

شارەوانیی رزگاری لای خۆیانەوە دەڵێن، تەنیا گەڕەکی سەنگاوییەکان ماوە لە ناحیەکە ئاوەڕۆی بۆ بکرێت.

ئەرسەلان ئەحمەد سەرۆکی شارەوانیی ناحیەی رزگاری بە 964ى وت، “دەرخستەمان کردووە، کە بڕی یەک ملیار دینارە بۆ ئەوەی ئاوەڕۆ بۆ ئەو گەڕەکە بکرێت، دەبوو لە سەرەتای ساڵی 2023 بکرایە، بەڵام بەھۆی نەبوونی پارەوە نەمانتوانیوە ئاوەڕۆیان بۆ بکەین”.

ئاماژەی بەوەش کرد، ھەرکات کارکردن لە پرۆژەکان دەستپێبکاتەوە، یەکەم پرۆژە گەڕەکی سەنگاوییەکان دەبێت، ئاوەڕۆی بۆ دەکێشن و خزمەتگوزاری پێدەگەیەنن.

ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای کەلارە، لە 17 گەڕەک پێکدێت و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 65 ھەزار کەس دەبێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

كاره‌بای نیشتیمانی ده‌گه‌یه‌نرێته‌ گوندێكی ناحیه‌...

كاره‌بای نیشتیمانی ده‌گه‌یه‌نرێته‌ گوندێكی ناحیه‌ی رزگاری