پارە کێشە بووە
دوای مانگێک وەستان قیرتاوکردن لە قەزای بازیان دەستپێدەکاتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
دوای مانگێک راگرتنی قیرتاوکردن و کۆنکرێتکردنی کۆڵان و گەڕەکەکانی سنووری شارەوانییەکانی قەزای بازیان، بڕیارە دەست بە کارکردن بکرێتەوە.
کۆمپانیای سۆکار، کە تەندەری قیرتاوکردنی سنووری پێنج شارەوانییەکەی قەزای بازیانی وەرگرتووە، ماوەی مانگێک بوو بەهۆی وەرنەگرتنی پارەوە کارەکانی راگرتبوو.
نەوزاد جەلال، سەرۆکی شارەوانی بازیان بە 964ـی راگەیاند، هەموو نووسراوێکی کۆمپانیاکە بۆ وەرگرتنی پارە لای ئەوان تەواو بووە و بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی نێردراوە.
وتیشی، “ئەوان بە شێوەی کاتی کارەکانیان راگرتبوو و بڕیارە پارەکەیان بۆ خەرج بکرێت و دەستبەکار دەکەنەوە”.
964 دەزانێت، کۆمپانیاکە سبەی یەکشەممە لەو کۆڵانانەوە دەست بە کارکردن دەکاتەوە، کە لەسەر بوودجەی شارەوانی ئەڵڵایی جێبەجێ دەکرێت.
“یەکەم کاریان هێنانی تێکەڵەی بەردی هاڕاو دەبێت بۆ کۆڵانەکان و ئامادە دەکرێت بۆ قیرکردن”، سەرۆکی شارەوانی بازیان وای وت.