یەکەم نوسینگەی مۆڵەتپێدراوی دۆزینەوەی هەلیکارە
خاوەنی نووسینگەیەک لە سلێمانی دەڵێت مانگانە 75 هەلیکار بۆ گەنجان دەدۆزینەوە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
لە سلێمانی یەکەم نوسینگەی مۆڵەتپێدراوی هەلیکار کرایەوە، خاوەنی نوسینگەکە دەڵێت مانگانە 75 کەس دەخەینە سەر کار.
نوسینگەکە ماوەی چوار مانگە مۆڵەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم وەرگرتووە و سێ کارمەندی هەیە.
شێرکۆ عەبدوڵا، خاوەنی نوسینگەی هەلیکار لە شاری سلێمانی بە 964ی راگەیاند، 500 ناویان لایە هێشتا دەرفەتی دۆزینەوەی کاریان نەبووە و بۆیان و رێژەکەش بەردەوام لە زیادبووندایە.
وتیشی، “هیچ مەرجێک نییە بۆ دۆزینەوەی هەلیکار جگە لەو مەرجانەی خاوەن کارەکان خۆیان دایدەنێن”.
بە پێی بەدواداچونی 964، لەناو شاری سلێمانی یەک نوسینگەی دیکە هەیە هەلیکار بۆ هاوڵاتیان دەدۆزێتەوە، بەڵام مۆڵەتی نییە.
شێرکۆ عەبدوڵا وتیشی، “بەپێی ئەو مۆڵەتەی وەرمگرتووە دەتوانم هەر کەسێکم خستە سەرکار 25%ی یەکەم موچەی لێوەربگرم، بەڵام من تەنیا 25 هەزار دینار لەو کەسە وەردەگرم کە دەیخەمە سەرکار و هەندێجار خەڵک هاتووە نەک ئەوەمان لێوەرنەگرتووە بەڵکو پارەشمان پێداوە بچێتە لای خاوەنکارەکەی بۆ وەرگرتنی ئیشەکەی”.
دەشڵێت، داواکاریەکان لە هەردوو رەگەزن و شەفتی شەوان داخوازی زۆری لەسەرە، چونکە فەرمانبەرانی حکومەت داوای ئیش دەکەن بۆ شەفتی دووەمیان، بەهۆی خراپی پێدانی موچەوە ئێستا فەرمانبەران زۆربەیان داوای کاری دووەم دەکەن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی