نەیتوانی سوود لە هەلەکان وەربگرێت
نەورۆز لە یاریگای خۆی دوو خاڵی لە دەستدا
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی نەورۆز کەوتە داوی یەکسان بوونەوە کاتێک بەرامبەر بە مینا بەبێ گۆڵ یەکسان بوو.
یانەی نەورۆز لە یارییەکانی گەڕی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق میوانداری یانەی مینای شاری بەسرەی کرد.
هەرچەندە یانەی مینا بە بارودۆخێکی خراپدا تێپەر دەبێت، بەڵام یانەی نەورۆز نەیتوانی سوود لەو خاڵە گرنگە وەربگرێت و بەدرێژایی یارییەکە نەیانتوانی سوود لە هەلەکان وەربگرن و دواجار یانەکەی شاری بەسرە خاڵێکی بەتامی بردنەوە بەدەستهێنا و یانەی نەورۆزیش لە دووەم یاریدا لەسەر یاریگای سلێمانی نەیتوانی بردنەوە دەستەبەربکات.
دوای یارییەکە دیار یاخی کاپتنی یانەی نەورۆز بە 964ـی وت، هەموو هاندەران یارییەکەیان بینی کە ئەوان باڵا دەستیان هەبوو، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی لە هێڵی پێشەوە کێشەیان هەیە نەیانتوانیووە سوود لەو هەلانە وەربگرن.
بەم یەکسان بوونە یانەی نەورۆز لە دوو شکست و بردنەوە و یەکسان بوونێک کۆی خاڵەکان کردە چوار خاڵ.