بەڵێنیان پێدراوە

چوارقوڕنە داوای هۆبەی ڤێتێرنەری دەکات

964+

پێشەوا محەمەد

لە چوارقوڕنە داوای کردنەوەی هۆبەی ڤێتێرنەری دەکرێت، بەڕێوەبەری ناحەیەکە دەڵێت، بەڵێنیان پێدراوە و بە نیازن خەریکی کاروبارەکانی بن.

بۆ کردنەوەی ئەو هۆبەیە بەڕێوەبەری ناحیەی حاجیاوا چووەتە لای وەزیری کشتوکاڵ و داوای لێکردووە رەزامەندی کردنەوەیان بداتێ.

نەهرۆ سەردار، بەڕێوەبەری ناحیەی چوارقوڕنە بە 964ـی وت، “پێویستمان بەو هۆبەیەیە چونکە لە سنوورەکەمان گۆشتفرۆش و ئاژەڵداری زۆری لێن و بەردەوام پێویستیان بە پشکنین و چاودێرییە”.

ئیدارەی راپەڕین خاوەنی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەرییە و لە سنوورەکەش تەنیا ئەو ڤێتێرنەرییەی لێیە.

“ئەو ڤێتێرنەرییەی هەیە خۆیان پزیشک و کارمەندیان کەمە و کە ئێمەش داوایان لێدەکەین بە ئاسانی نایەن، چونکە ئەوانیش فریا ناکەون”، نەهرۆ سەردار وادەڵێت.

بە وتەی بەڕێوەبەری ناحیەکە، وەزیری کشتوکاڵ پێی وتوون هەرچی لای ئەوانەوە بکرێت بۆیان دەکەن، “بەڵام خۆشمان کێشەمان دەبێت، چونکە ئێستا دامەزراندن نییە و دەبێت هەوڵ بدەین کە هۆبەکەمان دامەزراند، کارمەند و پزیشکی بە گواستنەوە بۆ بهێنین”.

چوارقوڕنە ناحیەیەکی سەر بە ئیدارەی راپەڕینە و زیاتر لە 90 هەزار دانیشتووی هەیە.

ڤێرتێرنەری راپەڕین هۆشداری دەدات لەسەر تای خوێنبەربوو...

ڤێرتێرنەری راپەڕین هۆشداری دەدات لەسەر تای خوێنبەربوون