دیمه‌نێكی تاڤگه‌ى گه‌لى عه‌لى به‌گ ... وێنه: ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار
سروشتى تاڤگه‌كه وه‌ك خۆى ده‌مێنێته‌وه
گەورەترین پڕۆژەی گەشتیاری لە گەلی عه‌لى به‌گ دروست ده‌كرێت
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به پێی پلانێكی حكومه‌تى هه‌رێم، پڕۆژه‌یه‌كی گه‌شتیاری گرنگ له سنوورى ئیداره‌ى سۆران دروست ده‌كرێت، گه‌شتوگوزارى ئه‌و ئیداره‌یه‌ش پشتڕاستی ده‌كاته‌وه ئه‌و پڕۆژه‌یه له قۆناغى ماسته‌رپلاندایه.
پڕۆژه‌كه گه‌شتیارییه و له تاڤگه‌ى گه‌لى عه‌لى به‌گه‌وه درێژ ده‌بێته‌وه تا هاوینه‌هه‌واری بێخاڵ و له‌وێشه‌وه به چیاى باپشتیان ده‌به‌سترێته‌وه.
فەیسهڵ سادق بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران، بۆ 964 ئاشكراى كرد ئه‌و پڕۆژه گه‌وره و ستراتیژییه هه‌یه و به چاودێریی راسته‌وخۆى سه‌رۆكى حكومه‌ت كارى له‌سه‌ر كراوه.
وتیشی “ئێستا پڕۆژه‌كه له قۆناغى ماسته‌رپلاندایه و دواتریش به فه‌رمى راده‌گه‌یه‌ندرێت”.
هه‌رچه‌نده به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى گه‌شتوگوزارى سۆران باسی ورده‌كارى و پێكهاته‌ى پڕۆژه‌كه‌ى نه‌كرد، به‌ڵام 964 زانیویه‌تى پڕۆژه‌كه پێكدێت له دروستكردنى ته‌له‌فریك و هۆتێل و مۆتێل و زیادكردنى تاڤگه‌ى جیاجیا له‌و ناوچه‌یه و گلدانه‌وه‌ى ئاو بۆ یارییه سه‌ركێشییه وه‌رزشییه‌كان و دروستكردنى رێڕه‌وى شاخه‌وانى.
فه‌یسه‌ڵ سادق دووپاتیكرده‌وه، به‌هۆى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌وه هیچ گۆڕانكارییه‌ك به‌سه‌ر سروشتى تاڤگه‌ى گه‌لى عه‌لى به‌گدا نایەت و وه‌ك خۆى ده‌مێنێته‌وه.
ئه‌وه‌شی ره‌تكرده‌وه، هیچ پڕۆژه‌یه‌كی هاوشێوه بۆ گه‌لى بێخاڵ هه‌بێت و وتیشی “ئه‌وه‌ى هه‌یه ته‌نیا ئه‌و پڕۆژه گهشتیارییهیه”.