هه‌ولێر له‌ “كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت”ـدا متمانه‌ی به‌ راهێنه‌ره‌كه‌ی به‌خشییه‌وه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

یانه‌ی هه‌ولێر ئاشكرای كرد، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تدا متمانه‌یان به‌ راهێنه‌ری تیپی تۆپی پێی یانه‌كه‌ به‌خشیوه‌ته‌ و له‌گه‌ڵ ستافه‌كه‌ی له‌ ئه‌ركه‌كه‌یان به‌رده‌وام ده‌بن.

یانه‌ی هه‌ولێر ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی كانوونی یه‌كه‌م، له‌ په‌یجی فه‌رمیی یانه‌كه‌ له‌ فه‌یسبووك بڵاوی كرده‌وه‌، کۆبوونەوەیەکی تایبەت له‌ یانه‌كه‌یان بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخ و ئەنجامەکانی تیپی تۆپی پێی یانەکەیان لە خولی نایابی عێراق كراوه‌.

یانه‌كه‌ راگه‌یاندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی به‌ “كۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌ت” ناوبردووه‌ و تێیدا ده‌سته‌ی كارگێڕی دوو بڕیاری داوه‌.

له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌ هه‌ردوو بڕیار كراو، یه‌كه‌میان نوێکردنەوەی متمانەی تەواو بە راهێنەری یانەکە (غازی فەهد) و ستافەکەی بۆ راهێنەرایەتی تیپی تۆپی پێی یانەکە له‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی عێراق.

بڕیاری دووه‌میش بریتییه‌ له‌ سەرپشککردنی راهێنه‌ر (غازی فەهد) لە هێنانی هەر یاریزانێکی نوێ و دەستبەرداربوون لە هەر یاریزانێك، کە نەبووبێتە جێگه‌ی رەزامەندی راهێنەر لە گواستنەوەی زستانەی یاریزانان، جگە لەوەی راهێنەر دەستکراوە دەبێت لە هەر بڕیارێك کە دەیدات بە مەبەستی رێکخستنەوەی تیپەکە و هەر گۆڕانکارییەك، کە ئەنجامی بدات لە پێناو بەرژەوەندی باڵای تیپەکە.

یانه‌ی هه‌ولێر له‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی عێراق بۆ تۆپی پێ، ئه‌نجامه‌كانی خراپن و له‌ كۆی 12یدا ته‌نیا 12 خاڵی هه‌یه‌، ئێستا له‌ پله‌ی 15ـی ریزبه‌ندییه‌.