لە ئامێدی پشکنینی بێبەرامبەر بۆ هاوڵاتیان ئەنجام دەدرێت. وێنە :964
لە ئامێدی
چوار جۆر پشکنینی بێبەرامبەر بۆ هاوڵاتیان دەکرێت
هیڤی دێوالی – دهۆک
بۆ یەکەمجارە لە دەڤەری ئامێدی چوار جۆر پشکنینی بێبەرامبەر بۆ هاوڵاتیان ئەنجام دەدرێن، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئامێدیش دەڵێت، بڕیارە لە داهاتوودا هەڵمەتەکە ناحیە و گوندەکانیش بگرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دوو شوێنی ناوچەی ئامێدی پشکنینی بێبەرامبەر ئەنجام دەدرێت، تەندروستی ئامێدی بە هەماهەنگی لەگەڵ پەیمانگەی پۆلیتەکنیک و زانکۆی جیهان بەڕێوەیدەبەن.
هەریەک لە پشکنینەکانی پەستانی خوێن، شەکرەی خوێن، ئۆکسجین، رێژەی خوێن، بۆ هاوڵاتیانی بەساڵاچوو ئەنجام دەدرێن.
مەسعود بۆتی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی ئامێدی بە 964ـى وت، مەبەست لەو کارە دابینکردنی تەندروستییەکی باشە بۆ هاوڵاتیان، ئەمە جگە لە چەند رێنماییەک پێش دەستپێکردنی وەرزی زستان بۆ خەڵکی ناوچەکە.
وتیشی، سەدان کەس بە تایبەتی بەساڵاچووان بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کردووە، کە تا کاتژمێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکەمجارە هەڵمەتەکە لە دەڤەری ئامێدی بەڕێوەدەچێت، بەڵام لە داهاتوودا لە چەند ناحیە و گوندێکی ناوچەکە بەڕێوەدەچێت.
964 دەزانێت، پشکنینەکان لە سەنتەری قەزای ئامێدی و کۆمەڵگەی قەدش بەبێ بەرامبەر ئەنجام دەدرێن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی