وەزارەتی ناوخۆ: سەردانمان بکەن چەکەکانتان لێ وەرناگرین
964+
هێمن بەکر – هەولێر
وەزارەتی ناوخۆ داوا دەکات هاوڵاتیان سەردانیان بکەن بۆ تۆمارکردنی چەکەکانیان، وەعدیشی داوە لێیان وەرنەگرێت.
ئەو داواکارییە تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە چەکی ئاگرینیان هەیە وەکو دەمانچە و کڵاشینکۆف.
وەزارەتەکە داوا دەکات هاوڵاتیان لە دوای پشووی سەری ساڵ بە زووترین کات سەردانی یەکێک لە بنکەکانی پۆلیسی ناوچەکانیان بکەن.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەم داوایانەی لە هاوڵاتیان کردووە، کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە.
تێیدا هاتووە، “تۆمارکردنی چەک یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2022ە، یەک ساڵ دیاریکراوە بۆ ئەو پرۆسەیە و لە تەمموزی 2023 تەواو دەبێت”.
لە دوای ئەو ماوەیە، هەرکەس چەکی تۆمارنەکراوی لە لا بێت، وەکو چەکی یاساغ مامەڵەی لە گەڵ دەکرێت، وەزارەت وا دەڵێت.
بەگوێرەی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2022، هەر کەس بەبێ مۆڵەت چەک هەڵبگرێت، ئەوا بەند دەکرێت کە ماوەکەی لە ساڵێک کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها غەرامەدەکرێت بە بڕێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، کاتێک هاوڵاتی چەکەکەی تۆماردەکات، حکومەت لێی وەرناگرێت، بەڵکو دەتوانێت لەگەڵ خۆی بیباتەوە، بەڵام بۆی نییە بەکاری بهێنێت تاوەکو مۆڵەتی بۆ وەرنەگرێت.