بەردی شارەزوور لەوەی کەرکوکە
بیرێکی پێنج هەزار مەتری کە بۆ نەوت لێدرا جێهێڵدراوە
بڕوا مەجید – شارەزوور
لە گوندی دەربەند فەقەرەی دەشتی شارەزوور، بیرێکی نەوت کە قوڵییەکەی پێنج هەزار مەترە، ماوەی دوو ساڵە جێهێڵدراوە، بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن زانیارییان نییە لەسەری.
دووری بیرەکە لە سەنتەری قەزای شارەزوور 16 کیلۆمەترە، بەگوێرەی سۆراغی 964 لەلایەن کۆمپانیاکانی (تالیسمان و تۆتاڵی فەڕەنسی) پشکنینی بۆ کراوە و دواتر هەڵکەندراوە، کە ئامانج لە لێدانی بیرەکە بۆ ئاشکرابوونی رێژەی نەوت بووە لە ناوچەکە.
دابان محەمەد، بەرێوبەری ناحیەی عەربەت کە بیرە نەوتەکە دەکەوێتە سنوری چالاکییەوە بە 964 ی وت، “هیچ زانیارییەکی لەسەر بابەتە نییە”، هەروەها سەباح فەتاح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئامادە نەبوو قسە لەسەر بیرە جێهێڵدراوەکە بکات.
بەڵام، ئەرکان عوسمان جیۆلۆجی ناس و یەکێکە لەو کەسانەی ئاگاداری پڕۆسەی لێدانی بیرەکە بووە بە 964ی وت، “کۆمپانیای جێبەجێکار دەزگای جیۆ فیزییان بەکارهێناوە بۆیان دەرکەوتووە ناوچەکە نەوتی تێدایە، دوای لێدانی بیر و تەواوکردنی و خەمڵاندنیان بۆ ئاستی نەوتی ناو بیرەکە بۆیان دەرکەوتووە رێژەی نەوت لە ناو خەزانی بیرەکە زۆر کەمە و کۆمپانیاکە ناتوانێت سودی لێ وەربگرێت، لەچاو ئەو تێچووەی بۆ دەرهێنانی نەوتەکە سەرفی دەکات”.
لە بارەی مەترسی سەر بیرەکە بۆ دانیشتووان و گوندنشینانی ئەو ناوچانە، ئەو جیۆلۆجی ناسە ئاماژەی بەوەکرد، “بەهۆکاری ئەوەی یەک بیرە و لە دووری ناوچەی نیشتەجێ بوونە، مەترسییەکی ئەوتۆ دروست ناکات، بەڵام لە حاڵەتێکدا بیری هاوشێوە لە نزیکی هەبوایە، دەبووە جێگای مەترسی بۆ داڕوخان یان هۆکاری بوومەلەرزە”.
“ئەم بیری کە شفانە لەجنزیک ناوچە شاخاوییەکان لێدەدرێت، بە هۆکاری ئەوەی نزیکن لە چینی بەردی ژێر زەوی، بەوتەی ئەرکان عوسمان بێت، “ئەو چینە بەردەی ژێر زەوی کە لە شارەزوور هەیە هەمان ئەو چینە بەردەیە کە لە کەرکوک هەیە، بەڵام رێژەی قوڵیان جیاوازە و ئاستی نەوت تێیاندا جێگیر نیە”.
سەبارەت بەوەی دەشتی شارەزور بۆچی نەوتی تێدا کۆنابێتەوە، ئەو جیۆلۆجی ناسە ئەوەی وت، “دەشتی شارەزوور لەڕووی جیۆلۆجیەوە نەوتی تێدا کۆنابێتەوە، بەهۆی ئەوەی نزیکە لە ناوچەی لێکدانی پلێتەکانەی ژێر زەوی، لە کاتی بەریەک کەوتنی پلێتەکان چینە بەردەکان تێک دەشکێنن و نەوتی زۆر لەخۆناگرن”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا