بۆ فەحسی تیشک لە هەڵەبجەوە دەچنە سلێمانی

964+

محەمەد عومەر – هەڵەبجە

ڤیدیۆ

ماوەی نۆ مانگە ئامێری MRI لە نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجە لەکارکەوتووە، هاوڵاتیان بۆ فەحسێکی تیشک دەبێت بچنە سلێمانی.

ئامێرەکە ساڵی 2014 بۆ هەڵەبجە کڕدراوە، چاککردنەوەی تا ساڵی 2019 لە ئەستۆی ئەو کۆمپانیایە بووە کە ئامێرەکەی لێ کڕدراوە، بەڵام لە دوای ئەو بەروارەوە چاککردنەوەی کەوتووەتە ئەستۆی وەزارەتی تەندروستی.

هەردی محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری تیشکی شەهید محەمەد حەمەئەمین لە هەڵەبجە بۆ 964+ وتی، چەندین جار نوسراویان کردووە بۆ وەزارەتی تەندروستی، بەڵام لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە ئامێرەکە تێکچووە و بۆیان چاک نەکردوونەتەوە.

ئامێرەکە بەیانیان و ئێواران کاریکردووە، ساڵی 2021 دوو هەزار تیشکی پێگیراوە.

بە قسەی ئەو بەڕێوەبەرە، لە پارێزگای هەڵەبجە تەنیا ئەو ئامێرەی MRI لێیە و نۆ مانگە هاوڵاتیان سەردانی شاری سلێمانی دەکەن بۆ گرتنی ئەو تیشکە.