500 ملیار تمەنی تێچووە

فڕۆکەخانەی سەقز کرایەوە

ژووری هەواڵ

ئەمڕۆ هەینی، سەرۆککۆماری ئێران، سەردانی شاری سەقزی کرد و لە رێوڕەسمێکدا بە فەرمی فرۆکەخانەی ئەو شارەی کردەوە، کە نزیکەی 20 ساڵ بوو کاری تێدا دەکرا.

لە دووەم رۆژی سەردانیدا بۆ پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئیبراهیم رەئیسی چووە شاری سەقز و فرۆکەخانەی ئەو شارەی کردەوە کە بە وتەی پارێزگاری سنە، زیاتر لە 500 ملیار تمەنی تێچووە.

بڕیارە یەکەم گەشتی ئاسمانی لە رێگەی فڕۆکەخانەکەوە، لە سەقزەوە بۆ تاران ئەنجامبدرێت.

لە رێورەسمی کردنەوەی فڕۆکەخانەکەدا، ئیسماعیل زارعی کوشا، پارێزگاری سنە رایگەیاند، “بۆشایی ئاسمانی نێوان باکوری رۆژئاوای ئێران، بەتایبەت لەنێوان ورمێ و کرماشان پڕدەبێتەوە، هەروەها لە کاتی رووداو و قەیرانەکاندا رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە گواستنەوەی هاوکاری بۆ ناوچەکە.”

سەرۆککۆماری ئێران دوێنێ لە یەکەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای سنە، هێڵی شەمەندەفەری هەمەدان- سنەی کردەوە کە 177 کیلۆمەترە و حەوت وێستگەی سەرکەوتن و دابەزینی هەیە، لە هەمەدانەوە دەستپێدەکات تا گەردەنەی سەڵاوات ئابادی سنە، بڕیاریشە ئەم هێڵە لە قۆناغی دووەمدا تا سنووری پارێزگەی سلێمانی (باشماخ) بگات.