دەرزی ئاژنین رکابەری کەڵەشاخ دەکات

964+

ئاودێر عومەر – سلێمانی

ماوەیەکە لە سلێمانی، دەرزی ئاژنین هێندەی کەڵەشاخ رەواجی پەیدا کردووە، سەنتەرێکی چارەسەری سروشتی دەڵێت چەند کەڵەشاخ دەکرێت ئەوەندەش خەڵک دێن بۆ دەرزی ئاژنین.

چارەسەری دەرزی ئاژنین بریتیە لە دانانی دەرزی باریكی تایبەت لە چەند خاڵێكی تایبەت لەسەر لەشی نەخۆش كە بەپێی جۆری نەخۆش و شوێنی ئازارەكە دیاری دەكرێت. ئەم چارەسەرە یەكیكە لەو چارەسەرانەی كە هەزارەها ساڵە ‌هەیە ‌و لە چین سەری هەڵداوە.

بارام مستەفا، نزیکەی 15 ساڵە سەنتەری چارەسەری سروشتی هەیە لە سلێمانی، ئەو بە 964+ی وت، ماوەی سێ ساڵە چەند کەڵەشاخ دەکرێت ئەوەندەش خەڵک دێن بۆ دەرزی ئاژنین.

بەزۆری دەرزی ئاژنین بەکاردێت بۆ نەخۆشییەکانی وەک شەقیقە، خەمۆکی، سوڕی مانگانەی ئافرەتان، گورچیلە، گرژبوونی ماسولکە و نەزۆکی، بارام مستەفا وای وت.

بە وتەی بارام مستەفا، دەتوانرێت دەرزی ئاژنین بۆ منداڵ و هەموو تەمەنە جیاوازەکان بەکاربهێندرێت، بەتایبەت بۆ ئەو منداڵانەی کە کێشەی ئازاری سک و خەوزڕانیان هەیە.

بەپێی ئاماری هۆبەی تەندروستی چارەسەری سروشتی، لە شاری سلێمانی 32 ناوەندی چارەسەری سروشتی هەیە و ئەمساڵ 58 هەزار کەس چارەسەری سروشتیان بۆ کراوە.