یەکێک لە جوتیارە گەنجەکان سەرقاڵی نایلۆن سوتاندنە، پاش ئەوەی کۆیان کردووەتەوە _ وێنە: 964
نایلۆنیان کۆکردەوە و سووتانیان
نیشانەی کۆتاییهاتنی وەرزی کشتوکاڵ دیاری دا
964+
ژووری هەواڵ
لە پێنجوێن بۆ ئەوەی جوتیاران ساڵێکی دیکە، نایلۆن و سۆندە گرفت بۆ بەرهەمەکانیان دروست نەکات، دەستیان بە کۆکردنەوە و سووتاندنی کرد.
وەرزی کشتوکاڵی لە پێنجوێن رووەو کۆتاییە، هەریەک لە بەرهەمەکانی (کولەکە، شووتی، کاڵەک، باینجان و بامیە) وەرزی پێگەشتنیان تەواو بووە، ئێستا تەنیا تەماتە و بیبەر لە رووبەرە دەشتییەکانی قەزاکەدا ماونەتەوە بۆ فرۆشتن و هەناردەکردنی.
پەیامنێری 964 لە قەزاکەدا سەردانێکی مەیدانی دەشتی پێنجوێنی کرد و بەدی کرد، کە لە زۆرێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکان جوتیاران سەرقاڵی کۆکردنەوەی نایلۆنن، رۆژی سێشەممە 31.10.2023، مەحمود فارس جوتیار لە دەشتی پێنجوێن بە 964ی وت، “ئەگەر ئەو نایلۆن و پلاستیکەی لە سەرەتاوە رامانخستووە کۆی نەکەینەوە، زیانمان پێدەگەیەنێت و ساڵی داهاتوو بەرهەمەکانمان دەفەوتێنێت”.
بە وتەی ئەو جوتیارە، بەهۆکاری ئەوەی ئامێر و کەرەستەی پێویستییان لە بەردەستدا نییە، جوتیارەکان بە دەست سەرقاڵی کۆکردنەوەی نایلۆن و پلاستیکن، هەروەک وتی، “بەهۆی داخستنی نایلۆن و سۆندەی قەترەوە، ئاسانکارییەکی زۆریان بۆ کراوە لە رووی ئاودێری بەروبوومەکانیانەوە و کاتێکی زۆریان بۆ گەڕاوەتەوە”.
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی پێنجوێن، لە سنووری قەزاکەدا، 414 هەزار و 308 دۆنم زەویی كشتوكاڵی هەیە، لەو رێژەیەشدا 24 هەزار و 459 دۆنم زەوی بەراوە، ساڵانە بە هەزاران تۆن بەرهەمی جۆراوجۆر لەو زەوییە كشتوكاڵییانەدا بەرهەم دێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا