"مێژووی میرنشینێک دەسڕێتەوە"
هاوڵاتیانی سۆران لە گۆڕینی ناوی قەزاکەیان نیگەرانن
+964
ئاکام غەفور-سۆران
بەشێکی زۆر لە هاولاتیانی قەزای سۆران ناڕازین لە گۆڕینی ناوی قەزای سۆران بۆ قەزای دیانا.
رۆژی یەکشەمە 29ی تشرینی یەکەم سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند لەگەڵ وەزیری ناوەخۆ و سەرۆکی حکومەت پێشنیاری ئەوەیان کردووە ناوی قەزای سۆران بگۆڕین بۆ قەزای دیانا، ئەمەش ناڕەزایەتی هاولاتیانی بەدوادا هات.
964بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کرد، بەشێک لە هاوڵاتیان پێیان وایە گۆڕینی ناوی سۆران هۆکارە بۆ سڕینەوەی ناوی میرنشینی سۆران.
رێباز دەرگەڵەیی دانیشتوویەکی سۆرانە بە 964ی وت، “نامانەوێ ناوی سۆران بگۆڕێت بۆ دیانا، سۆران ناوێکی گەورەیە و مێژوویەکی دێرینی هەیە، تاکە ئاسەواری میرنشینی سۆرانە، کە مابێتەوە، ناوی سۆرانە”.
عەبدوڵا جەمال هاوڵاتییەکی سۆرانە و بە 964ی وت، “لەگەل ئەوەین خزمەت بە ناحیەی دیانا بکرێت، بەڵام نامانەوێت ناوی قەزاکەمان بگۆڕێت”.
964پرسەکەی گەیاند بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەڵام بەرپرسانی ئیدارە ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک بدەن لەسەر ئەو پرسە و وتیان، جارێ تەنیا پێشنیار کراوە بۆ گۆڕینی ناوی قەزای سۆران، لە رۆژانی داهاتوودا روونکردنەوەیان دەبێت لەسەر بابەتەکە.
سۆران لە سالی 1980 بووە بە قەزا، سەرەتا ناوی قەزای سدیق بووە، دواتر گۆڕدراوە بۆ سۆران، ئێستا ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، لە 57 گەڕەک پێک دێت.
دیانا لە رووی کارگێڕییەوە ناحیەیە و سەر بە قەزای سۆرانە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا