بۆچی لەوێن؟

دوو خوشک لەبنی دنیاوە گەیشتوونەتە غەزە و دەڵێن ناڕۆینەوە

964+

بەهرە محەمەدئەمین

لەناو ئەو شەڕە قورسەی لە غەزە هەیە دوو ژن هەن، لە بنی دنیاوە خۆیان گەیاندووەتە ئەو شارە و لە کەنیسەیەک ئاگاداری لێقەوماوەکان دەکەن، هەرچی هەوڵیان لەگەڵ دەدەن ئامادە نین ئەوێ جێبهێڵن. و دەڵێن حاڵمان وەک حاڵی خەڵکەکەی ئێرەیە.

ماریا دێل پیلار و ماریا پێرپێتۆ دوو خوشکی راهیبەن، چوار ساڵ پێش ئێستا لە پیرۆوە چونەتە غەزەو خۆیان تەرخانکردووە بۆ کەنیسەیەکی ئەوێ، دوای ئەوەی رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر روویداو غەزە کەوتە ژێر بۆردومانی ئیسرائیل، هەر لەوێ ماونەتەوە.

باڵیۆزخانەی پیرۆ هەم لە میسر و هەم لە ئیسرائیل پێشنیاری بۆ کردوون بچنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان، بەڵام جوتە خوشک ناڕۆنەوەو دەڵێن لێرە دەبین.

بی بی سی دوو خوشکەکەی دۆزیوەتەوەو قسەی لەگەڵ کردوون، ئەوان لە کەنیسەیەکدان کە 600 کەس پەنایان بۆ بردووە و ئەمانیش یارمەتییان دەدەن.

بارودۆخەکە خراپە، بۆردوومان هەیە، ئاو و کارەبا و دەرمانیان نییە، یەکێک لە خوشکەکان دەڵێت ”ئێمە بە نیاز نین واز لە خەڵکی خۆمان بهێنین، من چوار ساڵە لێرە دەژیم و ئەمە ژیانی منە، ئەمە کەنیسەی منە، من لەگەڵ ئەم خەڵکەدا ژیاوم و نامەوێت ئێرە جێ بهێڵم، ئەوان پێویستیان بە یارمەتی منە”.

لەو کەنیسەیە منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت و بریندار و خەڵکی ناساغ هەیە، خوشکەکان دەڵێن ئەم لێقەوماوانە ناتوانن کەنیسە جێبهێڵن بۆیە ئێمەش لێرە ناڕۆین.