زوو زوو بیرمان دەخەنەوە

ته‌ندروستیی جیهانی: خۆتان بۆ په‌تایه‌كی نوێ ئاماده‌ بكه‌ن


ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشبینییەکی ترسناكی سەبارەت بە سەرهەڵدانی پەتایه‌كی نوێ كرد له‌ داهاتوودا.
بەڕێوەبەری رێکخراوە جیهانییەکە داوا لە خەڵک دەکات بەبێ ترس و پشتگوێخستن خۆیان ئامادە بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە مەترسیدارەکەی داهاتوو.

بە وتەی ئەو، ئەوەی ئێستا زانایانی نیگەران کردووە، یەک پرسیارە، “ئەمە کەی روودەدات؟”

دەشڵێت: ناتوانین رێگە بدەین هەڵەکانی رابردوو دووبارە ببنەوە، بۆیە ئێستا وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە دانوستاندان، هەروەها رێککەوتنێکی نوێ ئامادە دەکرێت سەبارەت بە خۆپاراستن لە پەتا و ئامادەکاری و وەڵامدانەوە، هەروه‌ها هەموارکردنەوەی رێسا تەندروستییەکان.

چاودێرانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی پێیان وایه‌، رەنگە پەتای داهاتوو لە Covid-19 خراپتر بێت، كه‌ وا بكات ژماره‌ی دانیشتوانی جیهان كه‌م بكاته‌وه‌.

لای خۆیەوە دکتۆر ڤلادیسلاڤ جیمچوگۆڤ پسپۆڕی بەرگری و نەخۆشییە درمەکان هۆشداری دەدات و دەڵێت: هێشتا پەرەسەندنی میکرۆبه‌كان کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو بەردەوامە و ناوەستێت.
له‌ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا “كۆڤید 19” له‌ لایه‌ن رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی و زانایان و هه‌ندێك كه‌سایه‌تی دیاری دنیا، چه‌ندین جاره‌ هۆشداری له‌ باره‌ی بڵابوونه‌وه‌ی ڤایرۆسێكی به‌هێزتر ده‌درێت و داوا ده‌كرێت خه‌ڵك له‌ ئاماده‌باشیدا بێت.