تەنیا دوو گەراجی بچکۆڵانەی هەیە
شارەوانی دوکان: ناتوانین کێشەی راگرتنی ئۆتۆمبێل لەناو بازاڕ چارەسەر بکەین
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
زۆری ئۆتۆمبێل لەناو بازاڕەکەی دوکان بە بەردەوامی بووەتە جێگەی نیگەرانی هەندێ لە خاوەن دوکانەکان و دانیشتووانی ناو قەزای دوکان، بەڵام شارەوانی دەڵێت، “هیچ چارەسەرێکمان نییە”.
هەموو ناو بازاڕەکەی دوکان زیاتر لە کیلۆمەترێکە، بەڵام بەردەوام ئۆتۆمبێلەکان رێگاکەیان تەسک کردووەتەوە و وەرزی گەشتیاریش تێپەڕین پێیدا کاتی زۆری دەویست.
سۆران کانەبی، دانیشتووی قەزای دوکانە و بە 964ـی وت، ئەو قەرەباڵغییە بووەتە جێگەی بێزاری بۆ دانیشتووانەکەی، چونکە دانیشتووانی دوکان دراوسێی بازاڕەکەن و وەک شوێنی تر نییە بازاڕ لە دانیشتووانەوە دوور بێت.
یاسین سدیق، خاوەنی مارکێتە لەناو بازاڕی دوکان بە 964ـی وت، “جاری وا هەیە دوو ئۆتۆمبێل لە بەردەم دوکانەکەت دەوەستن و زیاتر لە نیو کاتژمێر دەمێننەوە و لەوکاتەشدا تۆ ناتوانیت فرۆشی تر بکەیت، چونکە ئۆتۆمبێلی تر ناتوانن بووەستن و باشترە بچنە گەراجێکەوە”.
سەروەر ساڵح، سەرۆکی شارەوانی دوکان بە 964ـی وت، “ئاگادری ناوبازاڕین، بەڵام هیچ شوێنێکمان نییە لەوێ بیکەین بە گەراج”.
وتیشی، “یەک دوو گەراجی بچکۆلانەی لێیە، بەڵام شۆفێرەکانیش بۆ خواردنەوەی چایەک یان کڕینی پێویستییەک ناچێت ئۆتۆمبێلەکەی بباتە گەراجەوە”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی