جرج سەری لە ترافیک لایتێکی پێنجوێن تێکداوە

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

بەهۆی ئەوەی جرج و مشک لە ناوەوە وایەرەکانی خواردوون، ترافیک لایتی قەزای پێنجوێن تێکچووە و لە یەک کاتدا هەردوو گڵۆپی سوور و سەوز پێکەوە کاردەکەن.

ئەمڕۆ هەینی، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی قەزای پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، تا ئێستا دووجار داوای چاک کردنەوەی کراوە و لیژنەی ئەندازەی هاتووچۆ لە سلێمانییەوە هاتوون، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەوە تا ئێستا چاک نەکراوە.

وتیشی، بۆ چاککردنی پێویستی بە 450 مەتر وایەر هەیە و دەبێت تەواوی وایەرەکە بگۆڕدرێت، لەبارەی هۆکاری تێکچوونی ترافیکەکەوە رایگەیاند، وایەرەکان لەناوەوە جرج خواردوویەتی.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد، چەندین کێشەی دیکەی ئەندازە لە ناو قەزاکەدا هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە هیچ خزمەتگوزاریەکی نابێت.

لەبارەی تێچووەکەی باسی لەوەکرد، کە پێویستە لیژنەی تایبەت خەمڵاندنی بۆ بکات و دیار نییە چەندی تێدەچێت بۆ چاککردنەوەی.

پێداچوونەوە: توانا نەقی