دیمه‌نێكی ئه‌مڕۆى دروێنه‌ى گه‌نمه‌شامى له سنوورى مه‌خمور. وێنه: هۆبه‌ى كشتو‌كاڵى نه‌ینه‌وا.
ئه‌مساڵ وه‌زعى جوتیاران باشتره
دروێنه‌ى گه‌نمه‌شامی لە مه‌خمور ده‌ستيپێكرد
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
كشتو‌كاڵى نه‌ینه‌وا بڵاویكرده‌وه، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له مه‌خمور ده‌ست به دروێنه‌ى گه‌نمه شامی كراوه، جوتیارێكیش ده‌ڵێت، ئه‌مساڵ وه‌زعیان باشتره له پار.
به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی ساڵانه له مانگى نیسان گه‌نمه‌شامى ده‌چێندرێت، به‌ڵام به‌شێك له جوتیاره‌كان له‌دواى ته‌و‌اوبونى به‌رهه‌مى گه‌نم، له‌سه‌ر هه‌مان زه‌وى له مانگه‌كانى ئایار و حوزه‌یران، گه‌نمه‌شامى ده‌چێنن.
سروشتى به‌رهه‌می گه‌نمه‌شامیش وایه، سێ مانگى كۆتایی ئاو له‌سه‌ر گه‌نمه‌شامییه‌كان ده‌بڕدرێت تا به ته‌واوى وشك ده‌بێت بۆ كاتى دروێنه ئاماده‌ده‌كرێت.
نه‌بیل نورى جوتیارێكی گوندى قۆشه‌نه‌یه له سنوورى مه‌خمور، ئه‌مساڵ ته‌نیا 18 دۆنم زه‌وى به گه‌نمه‌شامى داچاندووه، به‌ڵام دڵخۆشه كه له‌چاو پارساڵ، ئه‌مساڵ به‌رهه‌مه‌كه‌یان باشتره و ده‌ڵێت، چه‌ند رۆژێكی تر دروێنه‌ى ده‌كات.
نه‌بیل پێشبینى ده‌كات، ئه‌مساڵ له‌و رووبه‌ره زه‌ویه‌ى دایچاندووه بۆ هه‌ر دۆنمێك زیاتر له یه‌ك تۆن گه‌نمه‌شامى به‌رهه‌م بهێنێت، چونكه ده‌ڵێت ئه‌مساڵ بۆ به‌رهه‌مى گه‌نمه‌شامی گونجاو بووه.
وتیشی “كه به‌رهه‌مه‌كه‌مان كۆكرده‌وه، به‌شی زۆرى له بازاڕى هه‌ولێر ساغى ده‌كه‌ینه‌وه”.
به‌قسه‌ى ئه‌م جوتیاره، ساڵى پار به‌رهه‌م خراپ بووه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش نزیكه‌ى هه‌زار دۆنم داچێندرابوو، به‌ڵام ئه‌مساڵ له ترسی پار ته‌نیا 500 دۆنم له سنوورى مه‌خمور چێندراوه.