964 بەدواداچوونی کردووە

ئایا نەشتەرگەی درێژکردنی باڵا وەستاوە؟

فەهمی نەبی

ئەگەرچی وەزارەتی تەندروستی لە 31.7ی ئەمساڵ بڕیاریدابوو بەهەموو شێوەیەک نەشتەرگەری درێژکردنی باڵا بۆ جوانکاری قەدەغەیە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی 964 دەرکەوتووە لەیەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر ئەو نەشتەرگەرییە ئەنجامدراوە.

نوێترین نەشتەرگەری بۆ کچە چالاکوانێکی سۆشیال میدیا کراوە و بەئاشکرا هەموو وردەکاری نەشتەرگەریەکی لە پۆستێکی سناپ چاتەکەی باسکردووە، ئەو دەڵێت، “سوپاس بۆ خوا لەماوەی دوو مانگ و 20 رۆژ تەواو بووم لەپرۆسەی درێژبوونی بەژن کە بەشتەرگەری ئەنجامم دابوو”.

ئەو کچە چالاکوانە دەڵێت، “10 سم باڵام بەرزبووە و بووەتە 167 سم، دوو دکتۆری تورک نەشتەرگەریەکەی بۆ کردووم و هەشت دەفتەر دۆلار تێچووەکەیەتی”.

964 بەدواگەڕانی کرد بۆ دۆزینەوەی ئەو نەخۆشخانەیە، تەنیا هێندە زاندرا نەشتەرگەریەکە لە هەولێر بووە و هێشتا دیارنییە لەکام نەخۆشخانە ئەنجامدراوە.

لەسەر ئەم بابەتە 964 لەگەڵ د.سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی قسەیکردووە، ئەو دەڵێت، بەگوێرەی بڕیارێک ئەنجامدانی نەشتەرگەری درێژکردنی باڵا قەدەغەکراوە، ئێمە لیژنەی یاساییمان هەیە و بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەین، هەر نەخۆشخانەیەک پێچەوانەی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی کار بکات لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت”.