بڕیاری پاشەکشە دەدەن
11 یانەی کوردستان هەڕەشە دەکەن
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
11 یانەی وەرزشی کوردستان لەسەر خراپی باری داراییان هەڕەشەی کشانەوە لە خولی کوردستان دەکەن.
ئێوارەی ئەمرۆ یەکشەممە 22.10.2023 هەریەک لە یانەکانی بابان، بازیان، چەمچەماڵ، خانەقین، رزگاری، هەڵەبجە، کۆیە، قەڵادزێ، خاک و شۆریجە، لە خولی یانە پلە یەکەکان و سەیدسادق لە خولی یانە پلە نایابەکان، لە بارەگای یانەی وەرزشی بابان لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە و لە بەیاننامەیەکدا کە واژوی هەر 11 یانەکەی لەسەرە داواکاریان لە بەرپرسانی حیزبی و حکومی هەیە بۆ باشترکردنی بارودۆخی دارایی یانەکانیان ورێکەوتی 1.11.2023ـێان وەک دوا مۆڵەت داوەتە بەرپرسان کە کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات ئەگەرنا ئەوا لە هەموو چالاکیەکانی خولی کوردستان دەکشێنەوە.
ئەردەڵان سەڵاح سەرۆکی یانەی وەرزشی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “وەرزشکردن کردن بەم شێوە خراپە ناڕوات بەڕێوە کە هەموو ساڵێک یانەکانیان رووبەڕووی قەیرانی دارایی ببنەوە”.
وتیشی، ئەم یانانە رێکەوتوون لەسەر ئەوەی کە چیتر ئەم بارودۆخە خراپە قبوڵ نەکەن و داواکاریان لە چەند خاڵێکدا خستووەتە بەردەم بەرپرسانی حزبی و حکومی تاوەکو بەدەم کێشەکانیانەوە بێن ئەگەرنا ئەوا بڕیاری پاشەکشە دەدەن لە خولی کوردستان.
پێش دەستپێکی بەڕێوەچونی خولەکانی کوردستان هەریەک لەم یانانە ئامادەکارییان دەستپێکردووە بۆ رکابەرییەکانی وەرزی نوێ.
پێداچوونەوە: توانا نەقی