ناو تۆمارکردن بۆ حەج لە چەمچەماڵ خواستی زۆری لەسەرە
964+
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
ئەو هاوڵاتیانەی فۆڕمی خۆراکیان کەرکوکە و کارتی زانیارییەکەیان چەمچەماڵە، دەتوانن لەو لیژنەیەی ئەوقافی سلێمانی خۆیان تۆمار بکەن، کە بۆ ناونووسین بۆ ئەنجامدانی حەج ئەم هەفتەیە لە چەمچەماڵ دەبێت.
لیژنەکە تا رۆژی پێنجشەممە لە چەمچەماڵ ناو تۆمار دەکات و ئەگەر ناونووسین زۆربێت و فریا نەکەون، هەفتەی داهاتووش دەگەڕێنەوە.
مژدە رەئوف، بەڕێوبەری ئەوقافی چەمچەماڵ بە 964ـی وت، “ناوی ئەوانەی بۆ حەج دەنووسرێن زۆر دەبن، چونکە ئەوانەی فۆڕمیان کەرکوکە و کارتی زانیارییان چەمچەماڵە دەتوانن لە چەمچەماڵ ناو بنووسن و لە کەرکوکیش، بەڵام هاوڵاتیانی چەمچەماڵ ناتوانن لە کەرکوک ناوی خۆیان بنووسن”.
پشکی چەمچەماڵ ساڵانە 150 بۆ 200 حاجییە، بۆ ساڵی 2024 تۆمارکردن زۆرتر دەبێت و چانسەکان کەمتر دەبنەوە.
“%60ـی ئەوانەی 2024 دەچن بۆ حەج ئەوانە دەبن، کە لە ساڵی 2017 فۆڕمیان پڕکردووەتەوە و ناویان نەهاتووەتەوە”، ئەوەش قسەی مژدە رەئوفە.
رۆژی 15.10.2023 ناوتۆمارکردن بۆ فەڕیزەی حەج کرایەوە و تەنیا ئەمساڵیش بەو شێوەیە دەبێت و ساڵی داهاتوو دەبێت بە شێوازی ئۆنلاین.
ئەمساڵ چوار هەزار و 600 کە لە هەرێمی کوردستان حەجیان کرد.
لیژنەی ناو تۆمارکردن بۆ حەج دەچێتە دەربەندیخان
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد