لیژنەی ناو تۆمارکردن بۆ حەج دەچێتە دەربەندیخان

توانا نەقی

دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە وەزارەتی ئەوقاف پرۆسەی ناو تۆمارکردنی بۆ حەج دەستپێکردەوە بۆ یەکەم جار لیژنەیەک دەچێتە دەربەندیخان بۆ ناو تۆمارکردن

لیژنەکە بە رەچاوردنی چەند هۆکارێک و لەسەر داوای ئیدارەی قەزاکە لە رۆژی 22.10.2023 دەگەنە دەربەندیخان و ناوی ئەو کەسانە نیازی چوونە حەجیان هەیە دەنووسن.

سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، بۆ یەکەم جارە لیژنە خۆیان بچنە دەربەندیخان و چاوڕێ دەکرێت سەروو 1000 کەس ناوی خۆیان تۆمار بکەن.

وتیشی، ئەوان داوایان کردووە لەبەر ئەوەی رێگاکەیان بۆ سلێمانی زۆر خراپە و زۆربەی ئەو کەسانەشی ناو تۆمار دەکەن بەتەمەنن نۆیە لیژنەکە خۆیان بێنە قەزاکەو ناوەکان تۆمار بکەن.

پێشتر نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بۆ 964 وتی، ئەوانەی لەساڵی 2017-ەوە ناویان بۆ پرۆسەی حەج تۆمارکردووە، نزیکەی 38 هەزار کەس دەبن و ئەمساڵ لە پرۆسەی تیروپشک بەشداری دەکەن و رێژەی %60یان پێدەدرێت و ئەوانەشی ئەمساڵ ناویان تۆماردەکەن رێژەی %40یان بەردەکەوێت.

لە رۆژی 15.10.2023ـەوە پرۆسەی ناو تۆمارکردن بۆ پرۆسەی حەجی ساڵی 2024 دەستیپێکردووە و پشکی هەرێم چوار هەزار و 685 کەسە بۆ گەشتی حەج.