دواجار ئێران رەزامەندیی دا

بۆردی سۆراغی منداڵە ونبووەکان دەچێتە ئێران

964+

پێشەوا محەمەد

دوای زیاتر لە حەوت مانگ چاوەڕوانی، کونسوڵخانەی ئێران رەزامەندی داوە بۆردی سۆراغی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە سەردانی ئێران بکات.

964 دەزانێت لە ئێستادا وەزارەتی شەهیدان نووسراوی بۆ ئەنجومەنی وەزیران کردووە رەزامەندی لەسەر گەشتەکە بدات.

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان مانگی دووی ئەمساڵ بۆردەکەی پێکهێنا و لە لایەن عەبدوڵای حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و هەریەکە لە نوێنەرانی وەزارەتی داد، تەندروستی و ناوخۆ تێیدا ئەندامن.

عادل مەلا ساڵح، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم بە 964ـی وت، “بۆردەکە پێشتر خوێنی لە کەسوکاری ونبووانی هەڵەبجە وەرگرتووە لە ئێرانیش سەردانی دەزگای شەهیدانی عێراق و ناوەندی پشکنینی کەوسەر بۆ دی ئێن ئەی دەکات”.

210 منداڵی 66 خێزانی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری وەک ونبووی دوای کیمیابارانکردنی ئەو شارە لە 16.3.1988ـدا لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان تۆمار کراون.

وا بڕیارە شاندێکی دیکە لە لایەن پەرلەمانتارانی عێراق و پارێزگاری هەڵەبجە و نوێنەرانی کەسوکاری منداڵە ونبووەکان بۆ هەمان مەبەست سەردانی ئێران بکەن.

بۆردی منداڵە ونبووەکان لەگەڵ دادگاکان هەماهەنگی دەکات

بۆردی منداڵە ونبووەکان لەگەڵ دادگاکان هەماهەنگی دەکات