قسەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێناوە

هۆشدارى درایه‌ ئه‌و مامۆستایه‌ى چه‌قۆ و گۆشتى بردبووه‌ ناو پۆل

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

لە قوتابخانەیەکی بنەڕەتی سنوورى قه‌زاى مێرگەسۆر، مامۆستایەک گۆشت و چەقۆی بردووەتە ناو پۆل، باسی پارچەکانی جەستە بۆ منداڵەکان دەکات.

ڤیدیۆی ئه‌م وانه‌یه‌ش له‌ لاپه‌ڕه‌ى فه‌رمى قوتابخانه‌كه‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش قسەی جیاوازی بە دوای خۆیدا هێناوە.

هەندێک دەڵێن ئه‌م بابه‌ته‌ فێركارییه‌، ئاساییە و هۆکارێکە بۆ تێگەیاندنی وانەکە، هەندێکی تریش دەڵێن چۆن دەبێت لەو تەمەنەدا منداڵ بە چەقۆ و گۆشتبڕین و پیشاندانى خوێن پەروەردە بکرێت.

964  ئه‌م پرسه‌ى گه‌یانده‌ مه‌جید خانۆ عه‌زیز، به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى مێرگه‌سۆر و دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ “نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كه‌لوپه‌ل و ئامرازى ترسناك بۆ په‌روه‌رده‌ و فێركردنى قوتابیان به‌كار بهێندرێت”.

وتیشی “ئه‌و مامۆستایه‌ له‌ نیه‌ت باشی ئه‌و كاره‌ى بۆ قوتابیان كردووه‌ و یه‌كه‌مجاریه‌تى، بۆیه‌  ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌ و هۆشداریمان داوه‌تێ كه‌ دووباره‌ى نه‌كاته‌وه‌”.

به‌ ئیداره‌ى قوتابخانه‌كه‌شی راگه‌یاندووه‌ كه‌ ڤیدیۆى وانه‌كه‌ له‌ناو لاپه‌ڕه‌ى فه‌رمى  قوتابخانه‌كه‌ بسڕدرێته‌وه‌.

باسی له‌وه‌كرد، پێویسته‌ بۆ ئه‌م وانه‌ فێركاریانه‌ كه‌لوپه‌ل و پێداویستى پلاستیكی به‌كار بهێندرێت، به‌ڵام به‌هۆى گرانى نرخه‌كه‌یه‌وه‌ نه‌تواندراوه‌ بۆ قوتابخانه‌كان دابین بكرێت.

دووپاتیكرده‌وه‌ “هه‌ر حاڵه‌تێكی دیكه‌ى له‌م شێوه‌یه‌ له‌ سنوورى په‌روه‌رده‌كه‌مان دووباره‌ ببێته‌وه‌ لێپرسینه‌وه‌ ده‌كه‌ین”.