لە سلێمانى، هه‌ڵه‌بجه‌، گه‌رميان و راپه‌ڕین

وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌: پێویسته‌ یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو خوێندن ده‌ستپێبكات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێم، ده‌ڵێت، ئه‌مڕۆ فه‌رمانێك واژۆ ده‌كات بۆ ده‌ستپێكردنى خوێندن له ‌سنوورى ئه‌و پارێزگایانه‌ى كه‌ به‌هۆى دواكه‌وتنى موچه‌وه‌ بایكۆتیان كردووه‌.

ئالان حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ رایگه‌یاند، به‌پێی ئه‌و فه‌رمانه‌ وه‌زارییه‌ى ئه‌مڕۆ واژۆى ده‌كات، پێویسته‌ له‌ رۆژى 22.10.2023 له‌ ته‌واوى سنوورى په‌روه‌رده‌كانى سلێمانى، هه‌ڵه‌بجه‌،  ئیداره‌كانى راپه‌ڕین و گه‌رمیان خوێندن ده‌ستپێبكاته‌وه‌، چونكه‌ ده‌ڵێت “دۆخی خوێندن له‌و سنوورانه‌ له‌ مه‌ترسیدایه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، له‌ 13.9.2023 خوێندن ده‌ستى پێكردووه‌ته‌وه‌ به‌ڵام به‌هۆى بایكۆتى مامۆستایانه‌وه‌، نزیكه‌ى 700 هه‌زار قوتابی له‌ سلێمانى، هه‌ڵه‌بجه،‌ گه‌رمیان  و راپه‌ڕین تاڕاده‌یه‌كی زۆر بێبه‌ش بوونه‌ له‌ خوێندن.

وتیشی “چه‌ندینجار هه‌وڵمان داوه‌ خوێندن له‌و شوێنانه‌ ده‌ستپێبكاته‌وه، به‌ڵام نه‌كراوه‌”.

روونیكرده‌وه‌، موچه‌ مافى مامۆستایانه‌ و باوه‌ڕى ته‌واویشیان پێیه‌تى، به‌ڵام ئه‌وان له‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ له‌ لایه‌ك دڵیان لاى مامۆستاكان و له‌لایه‌كی دیكه‌ش لاى قوتابیه‌كانه‌.

دووپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌ “نیگه‌رانى دواكه‌وتنى موچه‌ ته‌نیا په‌یوه‌ندى به‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو پرسێكی گشییه‌”.

“ته‌و‌اوى ده‌سه‌ڵاته‌ كارگێڕییه‌كان ده‌ده‌مه‌‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانى په‌روه‌رده‌ى پارێزگاكانى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌كانى راپه‌ڕین و گه‌رمیان، كه‌ ده‌بێت رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو خوێندن له‌و سنوورانه‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌”. وه‌زیری په‌روه‌رده‌ واى وت.

بەهۆی بایکۆتەوە 10 مامۆستای وانەبێژ لە کارەکانیان دوور...

بەهۆی بایکۆتەوە 10 مامۆستای وانەبێژ لە کارەکانیان دوورخرانەوە