دوو هەزار پارچە بە دە خولەک

جلی تازەی زستانە دەبەخشنە هەژاران

964+

شڤان عەبدوڵا- زاخۆ

گەنجێکی دوکاندار دوو شەوە لەسەر جادەی ناو بازاڕ لە زاخۆ جلوبەرگی نوێی زستانە بە خۆڕایی دەبەخشێت بە هەژاران، بە نیازیشە بەردەوام بێت و جارجاریش بیباتە گوندەکان.

گەنجەکە کە ناوی عەبدولڕەحمان ئەحمەدە، خۆبەخشانە ئەم کارە دەکات و دەڵێت “خەڵکێکی زۆر پێویستیانە”.

عەبدولڕەحمان بە 964ی وت، بڕیاری ئەم کارەمان دا چونکە هەستم کرد لە دەرەوە و ناوەوەی زاخۆ خەڵکێکی زۆر موحتاجن، هەر ئەمشەو نزیکەی 2000 پارچە جلمان دانا و لە دە خولەکدا تەواوبوو، 80٪ی ئەوانەی جلەکانیان برد بە راستی پێویستیان بوو.

دەمانەوێت ئەم کارە ببێتە نەریتێک لە ناو خەڵکدا و دوکاندارەکانی دیکە چاومان لێبکەن، هەرکەس لە جێگای خۆیەوە بە پێی توانا بەردەوامی پێبدات کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت”، ئەمە قسەی عەبدولڕەحمان ئەحمەدە.

عەبدولرەحمان بەنیازە بە پێی توانا ئەم کارەی درێژە پێ بدات هەر جارە و لە شوێنێک، جارجارەش بیبات بۆ گوندەکان.

پێداچوونەوە: بەهرە محەمەد ئەمین