ژنی دووەم
چەند هاوسەرگیری بکرێت چارەگێکی ئەو رێژەیە جیادەبێتەوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە کەرکوک لە ماوەی یەک مانگدا، لە کۆی یەک هەزار و سێ پرۆسەی هاوسەرگیری، 216ـیان جیابوونەتەوە.
ئەنجومەنی باڵای دادی عێراق، ئاماری مانگی ئەیلولی ئەمساڵی بڵاوکردووەتەوە کۆپیەکی دەستی 964 کەوتووە، کە دەردەکەوێت لە ماوەی ئەو مانگەدا هەزار و سێ پرۆسەی هاوسەرگیری و 216 حاڵەتی جیابوونەوە لە دادگای کەرکوک تۆمار کراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18.10.2023، پارێزەر ئاکۆ هادی لە دادگای کەرکوک بە 964ـی وت، مانگانە چەند پرۆسەی هاوسەرگیری تۆمار بکرێت، لە بەرامبەردا نزیکەی چارەگێکی ئەو رێژەیە جیادەبنەوە.
وتیشی، “بەداخەوە هاوسەرگیری زۆر و بۆر بووە، بۆ نمونە هاوسەرگیری وا هەبووە کە ئەمڕۆ شەکراو خواردنەوەی بووە، دوای چەند رۆژێک جیابوونەوەی تێکەوتووە، تەنانەت مامەڵەی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی هێشتا لە دادگایە و پەسەند نەکراوە”.
بە وتەی ئەو پارێزەرە، ناپاکی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری سەرەکین بۆ زۆربوونی حاڵەتەکانی جیابوونەوەی خێزانەکان.
بەپێی ئامارێکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، پارساڵ نزیکەی 56 هەزار هاوسەرگیری لە دادگاکان تۆمار کراون، نزیک بە 14 هەزار جیابوونەوە و 81 حاڵەتی ژنی دووەمیش رێگەیان پێدراوە.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر