"یەکەم پڕۆژەیە لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق"

لە بازاڕی هەولێر رێگایەک بۆ نابینایان دروست دەکرێت

فەهمی نەبی

بڕیارە لە بازاڕی شاری هەولێر رێگایەک بۆ نابینایان دروست بکرێت کە درێژیەکەی یەک کیلۆمەتر و نیوە، دوای تەواوبوونی بەبێ گرفت ئەوانەی نابینان دەتوانن لە بازاڕ رێ بکەن و پێداویستیەکانیان دابینبکەن.

ئەمڕۆ شەممە شارەوانی هەولێر رایگەیاند، “بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان رێگایەکی لەمجۆرە بۆ نابینایان دروست دەکرێت”.

یادگار کەریم سەرۆکی یەکێتی نابینایان بۆ 964 وتی، رێگاکە لەبەردەم شارەوانی هەولێر دەستپێدەکات بۆ ناو بازاڕی هەولێر و بە شەقامی سیروان تێپەڕ دەبێت و چەندین شوێن دەگرێتەوە.

سەرۆکی یەکێتی نابینایان دەڵێت، ئەو کەسەی رێگاکە بەکاردێنێت، گۆچانی تایبەتی لەلا دەبێت و لەسەر ئەو هێڵەی دروست دەکرێت گۆچانەکە دادەنێت و بەبێ گرفت دەتوانێت رێگاکە ببڕێت.

شارەوانی هەولێر دەڵێت، دووشەممەی داهاتوو دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت، بەجۆرێکە چەندین شوێن دەگرێتەوە و ئاراستەکان بۆ قەڵای هەولێر و شوێنی حەوانەوە و دابینکردنی پێداویستییەکان دەبێت.

بەگوێرەی ئاماری سەرۆکی یەکێتی نابینایان لە هەولێر دوو هەزار و 500 نابینا ناویان تۆمارکراوە و لەو ژمارەیە زیاتر سوود لەو رێگایە دەبینن.