قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ستەیجی دیداری مێری قسە دەکات.
لە دیداری مێریەوە
“نەریتێک دروستبووە وەک بڵێی جگە لە سلێمانی ئیتر ئەم وڵاتە شامی شەریف بێت”
964+
ژووری هەواڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە، دووەم رۆژی دیداری مێری بەڕێوەچوو، تێیدا چەندین کەسایەتی سیاسی و حکومی و رۆژنامەنووسان بۆچوونی خۆیان لەبارەی رەوشی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق دەربڕی.
یەکێک لەوانەی لە دیدارەکەدا میوانداری کرا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، کە زیاتر باسی لە دەستوور و دامەزراندنی ئەنجومەنی فێدراڵی عێراق کرد.
ئەگەرچی لە عێراق ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، بەڵام ساڵانێکی زۆرە باس لە دامەزراندنی ئەنجومەنی فێدراڵیش دەکرێت کە چاودێر بێت بەسەر هەموو ئەنجومەنەکانی حکوم و بڕیاردانەوە.
قوباد تاڵەبانی لەوبارەیەوە وتی، “بڕوام وایە ئەگەر بێت و ئەو ئەنجومەنە [ئەنجومەنی فێدراڵی] دابمەزرێندرێت ئەوا دەبێت هەر پارێزگایەک دوو نوێنەری هەبێت، بەبێ رەچاوکردنی بچوک و گەورەیی پارێزگاکە”.
لەبارەی دەستووری هەرێمی کوردستانیشەوە کە هێشتا لە پەرلەمان پەسەند نەکراوە، وتی، 85%ـی گرفتەکان چارەسەرکراون، هەندێکی ماوە کە دەکرێت لە پاش هەڵبژاردنی ساڵی ئایندە چارەسەر بکرێن و بخرێتە دەنگدانەوە.
وەک بڵێی رێگاوبان و کارەبای هەموو شوێنەکان بێ کێشە بن جگە لە سلێمانی
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری ئامادەبوویەکی دیدارەکەدا کە باسی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا کرد لە سلێمانی، ئاماژەی بەوە کرد، “نەریتێک دروستبووە وەک بڵێی جگە لە سلێمانی ئیتر ئەم وڵاتە شامی شەریف بێت، وەک بڵێی رێگاوبان و کارەبای هەموو شوێنەکان بێ کێشە بن جگە لە سلێمانی، لەکاتێکدا ئەوە راست نییە”.
ئەو رەخنەی لە شێوازی ئیداریی حکومەتی هەرێم گرت و وتی، دەبێت پێداچوونەوە بکرێت و لامەرکەزییەتی زیاتر هەبێت، “بۆ نمونە ناکرێت پارێزگاری شارێک بە دەنگدان هەڵبژێردرابێت کەچی وەزارەتی ناوخۆ سەرپەرشتی بکات و بڕیاری بەسەردا بدات”.
دوو رۆژی رابردوو دیداری مێری لە هۆتێل رۆتانای هەولێر بەڕێوەچوو، ئەو بابەتانەی لە دیدارەکەدا باسکران بریتی بوون لە حکومڕانی، نەوت، وزە، سەرکردایەتی ژنان، سیاسەتی میدیایی هەواڵ، رۆڵی ئەمریکا و رێکەوتنی شنگال.
تیمی 964 ئەم دوو رۆژە لە هۆڵی کۆنفرانسەکانەوە رووماڵی دیدارەکەیان کرد و بەشێکی زۆر لە وردەکارییەکانیان گواستەوە.